پۆلیس و هاتوچۆی هەولێر قسەکەیان بردەسەر
بە هاڕە هاڕ و خۆنواندن جەوی سەیرانگاکانیان تێکدا؛ دەستیان بەسەرداگیرا
شۆڕش قادری
پۆلیس و هاتوچۆی هەولێر قسەکەیان بردەسەر و دەستیان بەسەر ئەو ماتۆڕانەدا گرت کە چوونە لای سەیرانکەران و بێزاریان کردن.
دوێنێ هەینی کەشەکەی گونجاو و لەباربوو بۆ سەیران و خەڵکێکی زۆر روویان لە سەیرانگاکان کرد، پۆلیسی پارێزگای هەولێر لە راگەیەنراوێکدا دەڵێت، بە مەبەستی پاراستنی ئارامیی شار و کەمکردنەوەی دیاردەی بێزارکردنی هاوڵاتییان و گەشتیاران، تیمەکانمان لە بەشی پۆلیسی فریاکەوتنی هەولێر، بە هەماهەنگی لەگەڵ پۆلیسی هاتوچۆ، دەرچوونێکی مەیدانییان بۆ بەشێک لە رێگاکانی دەرەوەی شار ئەنجامداوە.
تیمەکان دەستیان بەسەر ژمارەیەک ماتۆڕسکیلی بێ سەرەتادا گرتووە کە بوونەتەهۆی بێزارکردنی خەڵک، ماتۆڕەکان رادەستی بەشی دەستبەسەرداگرتنی پۆلیسی هاتوچۆ کراون، بە مەبەستی گرتنەبەری رێکاری یاسایی و کردنەوەی پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆیان.
دوای ئەوەی هاوڵاتیان چوونەلای پۆلیس و دەزگا پەیوەندیدارەکان و گلەیی و سکاڵایان کرد لەسەر بێزارکردنیان لەلایەن شۆفێری ئەو ماتۆڕسکیلانەی کە بێ سەرەتان و دەبنە هۆی دروستکردنی پشێوی لە کاتی سەیران و گەشتکردنی خەڵکدا، بڕیاردار هاتوچۆکردنیان لەو رێگایانە قەدەغە بکرێت.
پۆلیسی هەولێر هۆشدارییەکەی دووبارە دەکاتەوە و دەڵێت، بە هاوبەشی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی هاتوچۆی هەولێر لە رۆژانی پشوو و هەروەها رۆژانی ئاساییشدا بەردەوام دەبن و هەر کەسێک سەرپێچیی ڕێنمایی و بڕیارەکانی پۆلیسی هاتوچۆ بکات، دەست بەسەر ماتۆڕسکیلەکەیدا دەگیرێت و لێپێچینەوەی یاسایی لەگەڵدا دەکرێت.