"حکومەت دەتوانێ قەرەبووی زیانلێکەوتووان بکاتەوە"
سکاڵای یاسایی لەسەر رووداوی هاتوچۆکەی کەرکوک نامێنێ
964+
کاروان ساڵحی – کەرکوک
پارێزەرێک باسی چۆنیەتی تەعامولکردنی یاسا لەگەڵ رووداوی هاتوچۆکەی کەرکوک دەکات و دەڵێت، لەبەر ئەوەی شۆفێری میکسەرەکە گیانی لەدەستداوە، سکاڵای یاسایی لەسەر نامێنێت.
ئێوارەی دوێنێ یەکشەممە 26.4.2026 لە شەقامی دەروازە نزیک سەنتەری رۆشنبیری کەرکوک، میکسەرێک کۆنترۆڵی خۆی لەدەستدا و خۆی بەچەندین ئۆتۆمبێلدا کێشا، جگە لە گیانلەدەستدان و بریندرابوونی نزیکەی 30 هاوڵاتی، 36 ئۆتۆمبێلێش داغان بوون و زیانی ماددی زۆریان بەرکەوت.
پارێزەر ئاڵا کامەران بە 964ـی وت، “لە روانگەیەی یاساوە بەپێی ماددەی 36ـی هاتوچۆ تەعامول لەگەڵ ئەم رووداوە دەکرێت، ئەگەر شۆفێرەکە گیانی لەدەست نەدایە، ئەوا دادگا رێوشوێنی خۆی دەگرتەبەر، بەڵام چونکە شۆفێرەکە گیانی لەدەستداوە، سکاڵای یاسایی لەسەر رووداوەکە نامێنێ”.
سەبارەت بە شێوازی قەرەبووی زیانلێکەوتووان، ئاڵا کامەران دەڵێت، حکومەت دەتوانێت وەک کارەساتێکی سروشتی هەڵسوکەوت لەگەڵ ئەو رووداوە بکات و قەرەبووی زیانلێکەوتووان بکاتەوە.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری