کڕیارانی شوقە لە سلێمانی و هەولێر عەرەبن

میدیازان – دیسکی سلێمانی – پێشه‌وا

لە سلێمانی ١٠٪ و لە هەولێریش ٦٠٪ـی کڕیارانی شوقە لە پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون عەرەبن و لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی تۆمارکردنی هەرێمیش کاری بەناوکردنیان بۆ دەکرێت.

حاجی مەهدی، خاوەنی کۆمپانیای عەقاراتی شیڵدهاوس لە شاری سلێمانی، بە میدیازانی ڕاگەیاند: بە شێوەیەکی گشتی ١٠٪ـی کڕیارانی شوقە لە شاری سلێمانی عەرەبن و هەندێ جا بارودۆخی عێراق تێک دەچێت ئەو ڕێژەیە کەمێک بەرزتر دەبێتەوە.

بە پێی ئامارەکانی دەستەوەی وبەرهێنانی هەرێم، لە هەرێمی کوردستان تا ئێستا مۆڵەت بە نزیکەی ٢٠٠ پڕۆژەی نیشتەجێبوون دراوە و زیاتر لە ١٩٠ هەزار یەکەی نیشتەجێبوونیش دروست کراون.

خالس محەمەد، بەڕێوەبەری ئۆفیس لە عەقاراتی بۆچوون بۆ میدیازانی ئاشکرا کرد، کڕیاری شوقە لە شاری هەولێر ٦٠٪ـی عەرەبە و گەرموگوڕییەکی تەواویان خستووەتە بازاڕی خانووبەرەی شارەکەوە.

“ئاڵۆزیی عێراق و ئارامیی هەرێمی کوردستان و بوونی خزمەتگوزاری هۆکاری سەرەکیی کڕینی ئەو ژمارە زۆرەی شوقەیە لە لایەن هاووڵاتییانی عەرەبەوە”، خالس محەمەد وای وت.