داوای چی دەکەن؟
دانیشتووانی گوندی چیاسورخ لە بەردەم کێڵگەی نەوتی گوندەکەیان گردبوونەوە
+964
میلاد جەلال – گەرمیان
دانیشتوانی گوندی چیاسورخ لە ناحیەی قۆرەتوو لە گەرمیان، ئەمڕۆ سێشەممە 23.7.2024 لە بەردەم کێڵگەی نەوتی گوندەکەیان گردبوونەوە و چادریان ھەڵدا، داوای قەرەبووکردنەوە و دامەزراندن دەکەن لەو کۆمپانیایەی کاری بەرھەمھێنان لە كێڵگەی نەوتی گوندەكەیان دەکات.
کۆمپانیای پیت ئۆیڵی تورکی لە ساڵی 2016ەوە، کاری بەرھەمھێنان لە کێڵگەی نەوتی چیاسورخ دەکات، بەڵام لە سەرەتای ئەمساڵەوە كاركردن لە كێڵگەكە وەستاوە.
محەمەد ساڵح، دانیشتووی گوندی چیاسورخ و یەکێکە لەو گەنجانەی کە لە کێڵگەکە کاری کردووە، بە 964ى وت، “لە سەرەتای ئەمساڵەوە کارکردن لە کێڵگەی نەوتی چیاسورخ وەستاوە، تەنیا ئەو کارمەندانەی دانیشتووانی گوندەکەن ئیزن دراون، بەڵام ئەوانیتر لە شوێنی خۆیان ماون و موچەیان پێدەدرێت”.
ئاماژەی بەوەش کرد،”چەندین جار کۆبوونەوەمان لەگەڵ لایەنی پەیوەندیدار کردووە، بەڵام بێ سوود بووە، بۆیە ئێمەش بە ناچاری ئەمڕۆ چادرمان لە بەردەم دەرگای کێڵگەکە ھەڵداوە، تا ئەوکاتەی داواکارییەکانمان جێبەجێ دەکرێت”.
دێرین محەمەد، یەکێکیترە لەو گەنجانەی گوندەکە لە کێڵگەی نەوتەکە کاری کردووە بە 964ى وت، جگە لە گەڕانەوە سەر کاری ئەو کەسانەی لە کێڵگەکە کاریان کردووە، یەکێکیتر لە داواکاریەکانیان باشکردنی رێگەی گوندەکەیانە، ھەروەھا لە رووی تەندروستی و مزگەوتیشەوە ھیچ شتێک بۆ گوندەکەیان نەکراوە.
بەھۆی تێکەڵبوونی ئاو بە بیرە نەوتەکانی کێڵگەی نەوتی چیاسورخ، لە سەرەتای ئەمساڵەوە بەرھەمھێنان لە کێڵگەكە وەستاوە، بەرھەمی ئەو کێڵگەیە لە ناوخۆ بەکاردەھات و بەرھەمی رۆژانەی لە کاتی کارکردندا نزیکەی 1500 بۆ دوو هەزار بەرمیل بوو.
ناحیەی قۆرەتوو چی دەڵێن؟
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا