بینای پێویستیان نییە

پاسپۆرتی راپەڕین لە گەراجێکدا کارەکانیان دەکەن و نابنە ئەلیکترۆنی

964+

ژێوار خدر

لە ئیدارەی راپەڕین تا ئێستا دەرکردنی پاسپۆرت بە ئەلیکترۆنی نەکراوە، دەڵێن بیناکەیان گونجاو نییە.

ئەمڕۆ یەکشەممە ئیخڵاس حەسەن، جێگری لێپرسراوی نووسینگەی پاسپۆرتی راپەڕین بە 964ی وت، ”هەوڵی زۆرمانداوە پاسپۆرتی ئەلیکترۆنی بهێنینە رانیە، بەڵام بیناکەمان لەلایەن حکومەتی عێراقەوە پەسەند نەکراوە و تا بینایەکی گونجاو نەدۆزینەوە، ناتوانین بە سیستمی ئەلیکترۆنی پاسپۆرت دەربکەین.

وتیشی، ”ئێمە چاومان لەسەر بەشی هونەرییە لە بینای بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی راپەڕین، ماوەی دوو ساڵە رازەمەندیشمان وەرگرتووە بۆ گواستنەوە بۆ ئەو بەشە، بەڵام تا ئێستا ئەوانیش شوێنێکی گونجاویان نەدۆزیوەتەوە بۆ ئەوەی بگوازنەوە بۆی.”

بەپێی لێدوانی ئیخڵاس حەسەن، ماوەی پێنج سال و نیوە نووسینگەی پاسپۆرتی رانیە لە گەراجێکدایە و شوێنەکەی لە رووی ئەمنییەوە گونجاو نییە و کێشەی کارەبا و رێگاوبانیان هەیە و سالانە لە وەرزی باراندا بەهۆی لافاوەوە کێشەیان بۆ دروست دەبێت.

”کاتێکی دیاریکراومان نییە بۆ بە ئەلیکترۆنی کردنی سیستمی پاسپۆرت، هەر کاتیک بینایەکی نوێمان دەستکەوت راستەوخۆ سیستمی ئەلیکترۆنی دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.” ئیخڵاس حەسەن وای وت.

964 لە رێگەی نووسینگەی پاسپۆرتی رانیەوە زانیویەتی، رانیە تاکە شوێنە لە هەرێمی کوردستان کە هێشتا بە شێوازە کۆنەکە پاسپۆرت دەردەکات و نەبووە بە سیستمی ئەلیکترۆنی.

پاسپۆرتی سلێمانی: لە سبەینێوە کارکردن بە پێناس و رەگەز...

پاسپۆرتی سلێمانی: لە سبەینێوە کارکردن بە پێناس و رەگەزنامە رادەگرین