نرخەکەشی زیادی کردووە
تۆپباران بووتە هۆی کەمبوونەوەی بەرهەمی گوێز
+964
هیڤی دێوالی – دهۆک
تۆپبارانی شەڕی سوپای تورکیا و پەکەکە، زیانی بە دارە بەرهەمدارارەکانی سنووری پارێزگای دهۆک گەیاندووە، خاوەنی دوکانێکیش کە میوەی خوماڵی دەفرۆشێت دەڵێت، یەک کیلۆ گوێزی تەڕ نرخەکەی لە نێوان شەش بۆ پێنج هەزار دینارە.
گوێزی تەڕی خوماڵی دهۆک پێگەیشت، ئەمساڵ بەرهەمەکە کەمیکردووە و نرخەکەشی گران بووە، ئەوەش بەهۆی ئەو بۆردومانانەوە بووە کە لەم دواییانەدا لە ناوچەکەدا روویانداوە، جگە لەوەی زۆربەی گوێزەکانیش ئەمساڵ بەهۆی نەخۆشیەکی کەڕووییەوە کە تووشی زۆربەی دار گویزەکانی کوردستان بووە، رەنگیان رەش بووە و وەک ساڵانی رابردوو جۆرەکەیان باش نییە، بەڵام بەپێی لێدوانی جوتیارەکان نەخۆشییەکە کاری نەکردووەتە سەر تامەکەی.
حاجی دوسکی،خاوەنی دوکانێکی بەرهەمی خوماڵییە لە بازاڕ بۆ 964ـى پشتڕاستی کردەوە، گوێزی تەڕی خوماڵی ئەمساڵ نرخەکەی گرانە، چونکە ئێستا بڕێکی کەم لە بازاڕدا هەیە و نرخەکەش بۆ یەک کیلۆ بە پێنج بۆ شەش هەزار دینارە.
دوکاندارەکە دەشڵێت، ساڵی رابردوو یەک کیلۆ گوێزیان بە دوو هەزار و 500 دینار و هەرزانتریش لەو نرخە فرۆشتووە.
ئازاد هەمزۆ، موختاری گوندی مژێ لە سنووری قەزای ئامێدی بە 964ـی وت، ”لە سنووری گوندەکەی ئێمە و دەوروبەری، بەردەوام شەڕ لە نێوان چەکدارانی پەکەکە و سوپای تورکیادا هەیە، بەهۆی ئاگرەوە زیاتر لە 500 دار گوێز و ترێی بەرهەمدار سووتاون، تەنیا لە گوندەکەی ئێمەدا زیاتر لە 100 رەز و باخی گوندنشینان سووتاون.”
لەلای خۆیەوە، ئەحمەد جەمیل بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی دهۆک بە 964ـی راگەیاند، ”دار گوێز له سنوورهكهیاندا زۆرە، بەڵام بهرههمهكهى كهمترە بەراورد بە ساڵانی رابردوو و رێژەی فرۆشیشی کەمترە.”
وتیشی، “ئەو شوێنانەی له سنوورى دهۆك بهرههمی گوێزیان ههیه، ناوچهى مهترسیدار و ناسەقامگیرن، بۆیه ناتواندرێت ساڵانه ههموو بهرههمهكانیان كۆبكرێتهوه و رێژەکە دیاربکرێت”.
964 لە رێگەی موختارەکانی گوندەکانی ئەو سنوورەوە دەزانێت، لە سنووری پارێزگای دهۆک، لە دەڤەرەکانی بەرگاری و بەرواری باڵا و دوسکیان، زۆرترین دارگوێز چێندراون، تەنیا لە سنووری قەزای ئامێدی بەهۆی پێکدادانەکانی پەکەکە و سوپای تورکیا، زیاتر لە 200 هەزار دۆنم زەوی کشتوکاڵی و نزیکەی 10 هەزار داری بەرهەمداری وەک: گوێز، مازوو، بەڕوو، هەلهەلۆک، سماق و ترێ سووتاون.
پێداچوونەوە: ژێوار خدر