کاری مانگێکی کردووە بە 40 خولەک
پرسیارەکان چۆن گەیشتنە وەزارەت و چۆن ئەنجامەکان ئاشکراکران؟.. هەمووی لێرە باسکراوە
+964
ژووری هەواڵ
لەو پەخشە راستەوخۆیەدا کە زۆرینەی هەرە زۆری کەناڵە کوردییەکان دەیانگواستەوە، ئالان حەمەسەعید وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە بڕوابەخۆبوونەوە وتی ”شانازی دەکەین ئەو سیستەمەی کاری پێ دەکەین دادپەروەری داهێناوە، ئەم سیستەمەی ئێمە بۆ تاقیکردنەوەکان کاری پێدەکەین لە هەموو رۆژهەڵاتی ناوەڕاست تەنیا لای ئێمە هەیە”.
قسەکانی وەزیری پەروەردە لە ئێوارەی رۆژی هەینی 19.07.2024 بوو لەو کاتەی زیاتر لە 120 هەزار قوتابی و کەسوکاریان چاوەڕێی ئەنجامەکانی پۆلی 12ی ئامادەیی بوون.
لە ژووری هەواڵی 964 لە وردەکاری پرۆسەکەمان کۆڵییەوە، هەندێ زانیاری زۆر وردی تێدایە کە لای هەموو کەس روون نییە، بۆیە لێرە وەک خۆی وردو درشتی باس دەکەین.
ئەنجامى تاقیکردنەوەکانى پۆلى 12ـى ئامادەیى رادەگەیەندرێت
سیستەمەکە چییە و چۆنە؟
ئەوەی جاران نزیکەی سەد مامۆستا خەریک بوون و یەک مانگی دەویست ئێستا لە ماوەی 40 خولەکدا بە یەک کلیک دەکرێت، قوتابی دوای 24 کاتژمێر لە تەواوبوونی تاقیکردنەوەکان دەزانێ چەندی هێناوە، خۆ ئەگەر گومانی لە نمرەیەکیش هەبێت، ئەوە کۆدەکەی داغڵ دەکات و هەموو کاغەزەکان دەبینێتەوە کە وەڵامەکانی خۆی لەسەرە.
هەردی مەعروف سەعید بەڕێوەبەری تاقیکردنەوەکان لە وەزارەتی پەروەردەو بڕیاردەری لیژنەی باڵای ئەزموونەکانە، وەک دەڵێن ئەو وەستای ئیشەکەیەو کەس بەقەد ئەوی لێ نازانێت، سیستەمەکەش هەر خۆی دروستی کردووەو پەرەی پێداوە، 964 پرسیاری لە مامۆستا هەردی کرد سیستەمەکە چۆنە؟، ئەویش لە ماوەی 15 خولەکدا چووە بنج و بناوانی هەمووی باسکرد.
ئەم سیستەمی تاقیکردنەوەیە نزیکەی هەشت ساڵە کاری پێ دەکرێت، بەڵام ساڵ بە ساڵ پەرەی پێدراوە، بەڕێوەبەری تاقیکردنەوەکان زۆر لەوەی پێنج ساڵی کۆتایی رازییەو وەزیری پەروەردەش خۆی وتی ئەوەی ئەمساڵ لە هەموویان باشترە.
سیستمی تاقیکردنەوەکان هەشت ساڵە هەیە ئەوەی ئەمساڵ لە هەمووی باشتر بووە
کە قوتابی دەچێتە هۆڵی تاقیکردنەوەکان دوو کاغەزی دەدرێتێ، یەکەمیان کاغەزی پرسیارەکانەو 50 پرسیاری لەسەرە، دووەمیان کاغەزی وەڵامەکانە کە وەزارەتی پەروەردە ناوی ناوە (سۆما) بۆچی سۆما؟ چونکە ئەو بازنە رەشانەی پڕ دەکرێنەوە لە رەشایی گلێنەی مرۆڤ دەچن.
تاقیکردنەوەکانى پۆلى 12ـى ئامادەیى کۆتایى هات
پرسیاری تاقیکردنەوەکان (26) گروپن، واتە ئەگەر لە هۆڵێکدا 26 قوتابی هەبێت، هی هیچیان لەوەی تر ناچێت و ریزبەندییەکەی جیاوازە، بۆیە قوتابییەکان ناتوانن گزی بکەن و وەڵامەکان بە یەکتر بڵێنەوە.
دوای خوێندنەوەی پرسیارەکان قوتابی لەسەر کاغەزی (سۆما) وەڵامی راست هەڵدەبژێرێت، بە قەڵەمی دار ئەو بازنانە پڕ دەکاتەوە کە بەڕاستیان دەزانێت، دواتر وەڵام هەموو کۆ دەکرێنەوەو دەچنەوە بۆ وەزارەت.
ئیتر لێرەوە مرۆڤکرد نییەو کەس دەستی تیادا نامێنێت، هەموو وەڵامەکان دەدرێن بە ئامێرێکی تایبەت لە ژووری کۆنترۆڵ ئامێرەکە دانە دانەی کاغەزەکان سکان دەکات و ناوی قوتابیەکەو کۆدەکەی و وەڵامەکانی داغڵی سێرڤەرێک دەکات.
هەردی مەعروف وردەکاری ئامێرەکە باس ناکات و دەڵێت ”ئەوە نهێنی کارەکەیەو بە چەند سۆفتوێرێکی تایبەت پێکەوە گرێمان داوە”.
کاری مانگێکی کردووە بە 40 خولەک
لە سیستەمە کۆنەکەی تاقیکردنەوەی بەکالۆری دوای ئەوەی قوتابی وەڵامی دەدایەوە، چەند لیژنەیەک پێکدەهات لە مامۆستا شارەزاکان هەموویان پێکەوە دەبوونە 100 مامۆستا، مانگێکیان دەویست تا هەموو وەڵامەکانیان دەخوێندەوەو نمرەیان دادەناو ئەنجام دەردەچوو، ئەمە لەکاتێکدا کە هەمووی ئەوانەی تاقیکردنەوەیان کردبوو نەدەگەیشتنە چل هەزار قوتابی، بەڵام ئێستا بۆ 120 هەزار قوتابی سەعاتێکی ناوێت.
بەڕێوەبەری تاقیکردنەوەکان لە وەزارەتی پەروەردە بە 964ی وت ”دوای تەواوبوونی هەموو تاقیکردنەوەکان، وەڵامی راست دەدەینە سێرڤەرەکە، ئەویش لەماوەی 40 خولەکدا نمرەی راست بۆ هەموو قوتابییەکان دادەنێت”.
لەماوەی 40 خولەکدا نمرەی راست بۆ هەموو قوتابییەکان دانرا
ئەمساڵ 122 هەزارو 15 قوتابی بەشداری تاقیکردنەوەی پۆلی 12ی کردووە، کۆمپیوتەرەکەی وەزارەت بە کەمتر لە کاتژمێرێک راست و هەڵەی هەموویانی دیاری کردووە.
هەردی مەعروف دەڵێت ”رۆژی چوارشەممە تاقیکردنەوەکان تەواو بوو، رۆژی پێنجشەممە دەمانتوانی ئەنجام رابگەیەنین، بەڵام خۆمان خستمانە هەینی”
ئەوەی بۆ مامۆستا هەردی و هاوکارەکانی جێی شانازییە هەموو ئەم سیستەمە خۆیان دروستیان کردووەو سوودیان لە هیچ کۆمپانیایەک وەرنەگرتووە، هەردی مەعروف خۆی ئەندازیاری سۆفتوێرەو چاکی لێدەزانێت.
زیاتر لە 39 هەزار قوتابی لە هەولێر تاقیکردنەوە ئەنجام دەدەن
ئەمساڵ چی زیادکرا؟
چەند خولەکێک دوای ئەوەی وەزیر باسی پرۆسەکەی کرد، ئەو وێبسایتە کارا بوو کە وەزارەت دایناوە بۆ ئەنجامەکان، قوتابی کۆدەکەی خۆی داغڵ دەکردو نمرەی وەردەگرتەوە، بەڵام ئەمساڵ شتێکی تریش زیادبوو، وێبسایتێکی تر هەیە بۆ وەڵامەکان، هەر قوتابییەک کۆدو سیریاڵی خۆی بنوسێت هەموو کاغەزەکانی سۆما دەبینێتەوە، کاغەزەکانیش هەمووی پەنجە مۆری خۆی لەسەرەو دڵنیایە کە هی خۆیەتی، دەتوانێت بزانێت لە چیدا راستی کردووەو چی هەڵە بووە، ئەگەر بە دڵی نەبوو پەڵپ دەگرێت.
هەردی مەعروف دەڵێت ”ناهەقمان نییە ئەگەر بڵێین ئەم سیستەمە لە هەموو خۆرهەڵاتی ناوەڕاست نییە”.
گزی و قۆپیە نەما
لە کۆی 122 هەزار قوتابی لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان 51 حاڵەتی گزیکردن هەبوو، ئەم زانیارییە ئالان حەمەسەعید وەزیری پەروەردە ئاشکرای کرد، وەزیر وتی ”خۆم سەرپەرشتی بنبڕکردنی گزیم کردووە”.
هەردی مەعروف بەڕێوەبەری تاقیکردنەوەکان دەڵێت ”ئەم سیستەمەی کاری پێدەکەین بواری بۆ گزی نەهێشتووەتەوە، هەموو کاغەزێک کۆدی نهێنی لەسەرە، ئەگەر هەر بەشێکی پرسیارەکان دزە بکات لەماوەی چەند خولەکێکدا دەزانین هی کام قوتابیەیەو لە کام قوتابخانەو کام پارێزگایە”.
سیستەمە بۆ بەغداش جێی سەرنج بووە، دووجار لە بەغداوە لیژنە هاتوون و هەردی مەعروف بۆی باسکردوون، دەشێڵێت ”ئەگەر بیانەوێت کاری پێ بکەن، هەموو هاوکارییەکیان دەکەین”.