لە نهۆمی 13ـەوە کەوتوونەتە خوارەوە

لە دهۆک؛ چوار کرێکار گیانیان لەدەستدا و یەکێکی دیکەش بریندارە

شڤان عەبدوڵا – دهۆک

پێنج کرێکار لە ئەسکەلەی باڵەخانەیەکی دهۆک لە نهۆمی 13یەم کەوتنە خوارەوە و چوار لەو کرێکارانە گیانیان لەدەستدا و ئەوی دیکەش بریندارە.

دەوروبەری کاتژمێر 12:30ی نیوەرۆی ئەمڕۆ چوارشەممە 20.5.2026 لە باڵەخانەیەکی سەنتەری پارێزگای دهۆک، پێنج کرێکار لەسەر ئەسکەلەیەک خەریکی دروستکردنی جامی دیکۆری باڵەخانەکە بوون، لەناکاو ژێرەوەی ئەسکەلەکە لەژێرفشاردا دەجوڵێت و دەبێتە هۆی کەوتنەخوارەوەی پێنج کرێکارەکە.

بەپێی زانیارییەکان، یەکێک لە کرێکارەکان توانیویەتی خۆی فڕێبداتە نهۆمێکی خوارتر و بە برینداری رزگاری بووە.

کرێکارێک کە لە هەمان باڵەخانەدا کاری دەکرد بە 964 وت، لەناکاو دەنگی هاوار و ناڵە هات، بینیمان ئەسکەلەیەک کەتووەتە خوارەوە و چەند کەسێک لەسەر زەوین.

تەرمی چوار کرێکارەکە لە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی دهۆکەوە رەوانەی پزیشکی دادی دهۆک کران و بریندارەکەش لەژێرچاودێری پزیشکیدایە.

964 زانیویەتی کە کرێکارەکان هەموویان گەنجن و تەمەنیان لەنێوان 17 بۆ 26 ساڵدایە.