ئەکسۆیوس: واشنتن و تاران گەیشتوونەتە رێککەوتن و چاوەڕێی رەزامەندی ترەمپن

964+

پەری ساڵح

دوو بەرپرسی ئەمریکی ئاشکرایان کردووە کە دانوستانکارانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئێران گەیشتوونەتە رێککەوتن لەسەر یاداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتنی 60 رۆژە. ئامانج لەم یاداشتە درێژکردنەوەی ئاگربەست و کردنەوەی رێڕەوێکی نوێی دانوستانە لەسەر دۆسیەی ئەتۆمی ئێران، بەڵام دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هێشتا رەزامەندی کۆتایی لەسەر نەداوە.

ئەو دوو بەرپرسە ئەمریکییە لە لێدوانێکیاندا بۆ ماڵپەڕی “ئەکسۆیوس”ی ئەمریکی (کە ناسنامەیان ئاشكرا نەکراوە) ئاماژەیان بەوە کردووە، ئەگەر ئەم یاداشتنامەیە واژۆ بکرێت، دەبێتە گرنگترین پێشکەوتنی دیپلۆماسی لە دوای هەڵگیرسانی شەڕەوە، بەڵام ئەمە بە واتای رێککەوتنی کۆتایی نایەت، چونکە گەیشتن بە چارەسەرێکی گشتگیر لەسەر دۆسیەی ئەتۆمی پێویستی بە دانوستانی چڕتر و زیاتر هەیە.

بەرپرسەکان روونیان کردووەتەوە کە بەندەکانی رێککەوتنەکە تا رۆژی سێشەممە تەواو ببوون، بەڵام هەردوولا پێویستیان بە رەزامەندی سەرکردایەتی باڵای وڵاتەکانیان هەبووە.

هەروەها ئاماژەیان بەوەش کردووە کە لایەنی ئێرانی دواتر پەیوەندی بە ناوەندگیرەکانەوە کردووە و پێی راگەیاندوون کە رەزامەندییە پێویستەکانیان بەدەستهێناوە و “ئامادەن بۆ واژۆکردن”، بەڵام تاران تا ئێستا بە شێوەیەکی فەرمی ئەم بابەتەی پشتڕاست نەکردووەتەوە.