کارئاسانى زۆرى بۆ کارگەکان تێدایە
هەولێر و بەغدا لەسەر باج رێککەوتن
964+
وریا فەتاح
هەرێم و بەغدا لەسەر چەند خاڵێکى پەیوەست بە بوارى باج رێککەوتن و لە یەکێک لە خاڵەکاندا هاتووە کە حکومەتى فیدڕاڵى داندەنێت بە پاکانەى باجى هەرێم کە پێشتر بایەخیان بۆى نەبووە.
وەزارەتى دارایى و ئابووریى هەرێم بڵاوى کردەوە، دوای سەردانی لیژنەی باڵای رێکخستنەوەی باج لە حکومەتی فیدراڵی بۆ هەرێمی کوردستان و کۆبوونەوەیان لەگەڵ وەزیری دارایی و بەڕێوەبەری گشتیی باج و خانووبەرەی میری و بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری پەیوەندییەکان و بەدواداچوون لە نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێم لە بەغدا، لەسەر چەند خاڵێک لە بواری باج گەیشتنە رێکەوتن.
وەک ئەوەى وەزارەتەکە بڵاوى کردووەتەوە، رێککەوتنەکە دەبێتە کارئاسانی بۆ ئەو کارگە و کۆمپانیا و بانکانەی لە هەرێمی کوردستان و عێراق کاردەکەن، لە گرنگترینیان:
1- داننان بەپاکانەی باجی هەرێم لەلایەن حکومەتی فیدراڵیەوە کە پێشتر هیچ بایەخێکیان بۆ دانەدەنا.
٢- چارەسەرکردنی کێشەی کارگەکانی کوردستان، کە پێشتر داوای باجیان لێ دەکردن بە بیانووی ئەوەی بەرهەمەکانیان لەناوچەکانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق ساغدەکەنەوە، بۆ لەمەودوا ئەو کارگانەی لە کوردستانن دەبێت باجی داهاتەکانیشیان لە کوردستان بدەن.
٣- چارەسەرکردنی کێشەی پێدانی سووتەمەنی بۆ کارگەکانی هەرێمی کوردستان بە نرخی هاندراو، کە ماوەیەکە پێدانی سووتەمەنیان بەو کارگانە راگرتووە بە بیانووی نەدانی باج بە حکومەتی فیدڕاڵی.
٤- رێکەوتن لەسەر یەکخستنی رێکار و رێوشوێنەکانی وەرگرتنی باج کرا بە میکانیزمی هاوبەش.
٥- هەردوولا لەسەر بانکەکان رێکەوتن کە بارەگای سەرەکی بانکەکە بکرێتە بنەما بۆ وەرگرتنی باج.
٦- هەردوولا رێکەوتن لەسەر هەماهەنگی پێویست و گرتنەبەری رێوشوێنی گونجاو بۆ رێگریکردن لە خۆدزینەوە لە باج.