پێشتر چەند بوو؟

باج لەسەر خەیاری هاوردە بۆ 500 هەزار زیادکرا

+964

کامیار کەمال –  پێنجوێن

رێژەی باج لەسەر بەرهەمی خەیاری هاوردە زیادکرا و بۆ هەر تۆنێک خەیاری هاوردە 500 هەزار دینار وەردەگیرێت، لە کاتێکدا پێشتر 20دۆلار وەردەگیرا.

وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان بڕیارەکەی دەرکردووە و بۆ پاڵپشتی بەرهەمی ناوخۆیە.

شاخەوان عەبدوڵا، بەڕێوەبەری گومرک لە دەروازەی نێودەوڵەتی باشماخ بە 964ی راگەیاند، لە لایەن وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمەوە بڕیاردراوە بە زیادکردنی رێژەی باج بۆ سەر بەرهەمی خەیار و لەمەودوا بۆ هەر تۆنێک بڕی 500هەزار دینار وەردەگیرێت لە کاتێکدا پێشتر 20دۆلار وەردەگیرا.

باسی لەوەشکرد، بڕیارەکە تەنها بۆ بەرهەمی خەیارە و دیار نییە کەی بڕیارەکە رادەگیرێت.

وتیشی، وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان لە ئێستادا لەگەڵ وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق هەماهەنگی هەیە و لە کاتی پێگەشتنی بەرهەمی ناوخۆ هاوردەکردن رادەگیرێت، ئەوەش بۆ پاڵپشتیکردنە لە بەرهەمی ناوخۆ.

پێشتریش، وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان هاوردەکردنی تەماتەی راگرت دوای ئەوەی بەرهەمی تەماتەی ناوخۆ لە ناوەڕاست و باشووری عێراق پێگەیشت، بەڵام دوای ئەوەی لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان نرخی تەماتە گەیشتە 1500 دینار راستەوخۆ سنوورەکان بەڕووی هاوردەکردنی تەماتەدا کرایەوە.

هاوکات، ساڵانە لە کاتی پێگەیشتنی بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی قەزای پێنجوێن، کێشەی ساغکردنەوەی بەرهەمی جوتیاران دروست دەبێت و ساڵی رابردوو بەهۆی رانەگرتنی هاوردەی تەماتە، جوتیارانی قەزای پێنجوێن چوونە بەغدا و لە بەردەم وەزارەتی کشتوکاڵی عێراقدا خۆپیشاندانیان ئەنجام دا و دوای نزیکەی 20 رۆژ هاوردەی تەماتە راگیرا.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا

وەزارەتی کشتوکاڵ قەدەغەی لەسەر هاوردەی تەماتە هەڵگرت

وەزارەتی کشتوکاڵ قەدەغەی لەسەر هاوردەی تەماتە هەڵگرت