ژنێکی خاوەنکار
“ئەگەر گێڕ ئۆتۆماتیک لێبخوڕم تووشی حادیسە دەبم”
+964
دیلان محەمەد – سلێمانی
شۆخ نەسرین، ژنێکی کاسب و خاوەنکارە کە رۆژانە بە دەست و پەنجەکانی خۆی نانی تیری دروست دەکات و بە دوو تەنییەکەیەوە لە شەقامێکی سلێمانی دەیفرۆشێت و کڕیارێکی زۆریش رووی تێدەکەن.
دەستپێکی هەموو کارێک رەنگە قورس بێت، وەک شۆخ باسی دەکات لە سەرەتاوە کرێکار بووە لەناو کارگەکان و دواتر بێ ئیش دەبێت و بڕیار دەدات نان بکات و بیفرۆشێتەوە، ماوەی دوو ساڵیشە دوو تەنییەکی پێیە و نان و ناوشكێنە و شلکێنە و ناوساجی و دۆ و بەرهەمەکانی تری هەویر و شیرەمەنی دەفرۆشێت و بەپێی کات و داواکاری کڕیارەکانی دەگۆڕێت.
لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ 964 شۆخ وتی، “سەرەتا رووخسارم دەشاردەوە و نەمدەویست بزانن ژنم، دواتر کارەکەم لا ئاسایی بوو ئێستا هەر کەس دەمبینێت دەست بە سنگیانەوە دەگرن و سەلامم لێ دەکەن، رۆژانە بەپێی داواکاری نان و بەرهەمەکان ئامادە دەکەم بە هاوکاری دوو ژنی تر یان منداڵەکانم”
شۆخ باس لەوە دەکات لە مێژە ئۆتۆمبێلی گێڕ عادی لێدەخوڕێت، دەشڵێت، ئەگەر گێڕ ئۆتۆماتیک لێنخوڕێت تووشی حادیسە دەبێت و گێڕ عادی لای ئەو هەرگیز قورس نییە.
شۆخ نەسرین، ژیانی هاوسەرگیری پێکهێناوە و دایکی چوار منداڵە.
پێداچوونەوە: پەری ساڵح