بۆ ئۆتۆمبیل

پێشبڕکێى چینى و ئەمریکى هەڵوەشایەوە

ئەحمەد شەمزین- هەولێر

هەرچەندە بڕیاربوو ئەمڕۆ پێشبڕکێى ئۆتۆمبێلى چینى و ئەمریکى لە هەولێر ئەنجام بدرێت، بەڵام بە بڕیارێکى هاتوچۆى هەولێر هەڵوەشایەوە، لایەنگرانیشیان دەڵێن، رکابەرییەکە کۆتایى نایەت و چووەتە مۆخیانەوە.

مام شێر یەکێک لە لایەنگرانى ئۆتۆمبێلى چینى کە بڕیاربوو ئەمڕۆ بە ئۆتۆمبێلە چینییەکانى بەشدارى پێشبڕکێ و ئۆفرۆدەکەى هەولێر بکات، بە 964ـى وت،”بە بڕیارى حکومەت ئۆفرۆدەکە هەڵوەشاوەتەوە، بەڵام پێشبڕکێى نێوان ئۆتۆمبێلى چینى و ئەمریکى کۆتایى نەهاتووە و چووەتە مۆخمانەوە”.

بارزان سلێمانى کە لایەنگرى ئۆتۆمبێلى ئەمریکییە، بۆ 964 وتى،”ئۆتۆمبێلى چینى حەددى نییە بگات بە ئەمریکى، بەڵام بۆ ئەمڕۆ ئۆفرۆدەکە هەڵوەشاوەتەوە”.

لاى خۆیەوە مام زەندین زیارەتى، ئەندامى یەکێتى ئۆفرۆدى کوردستان بۆ 964 باسى لەوەکرد، پێشتر کێبڕکێى راکێشانى ئۆتۆمبیلى چینى و ئەمریکى هەڵوەشاوەتەوە و قەدەغە کراوە، بەڵام ئۆفرۆد کێشەى نەبووە و یەکەمجارە هەڵبوەشێتەوە.

لەبارەى ئەوەى ئۆتۆمبێلى چینى باشترە یان ئەمریکى، مام زەندین وتى،”ئەو شەڕە بە من مەکەن، من ناوبژیوان و دڵى هیچیان ناشکێنم و دەبێت دادپەروەر بم”.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح