دوو سەربازی بریندار کرد

لەخورماتوو بۆمبێک بە سوپای عێراقدا تەقیەوە

سیروان خورشید – دوزخورماتوو

پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممه، لەکاتی کێوماڵی سوپای عێراق لە دەورووبەری ناوچەی زەرگە بۆمبێکی چێنراو بە کاروانێکی سوپای عێراقدا تەقیەوە دوو سەرباز برینداربوون.

عەمید حوسێن عەلی بەڕێوەبەری پۆلیسی گشتی خورماتوو بە964ـی وت، “ئەمرۆ لەکاتی کێوماڵکردندا لە نزیک دەریاچەی زەرگە و چەند گوندێکی تری سنوورەکە، بۆمبێکی چێنراو بەھێزەکانی لیوای 52ـی سوپای عێراقدا تەقیەوەتەوە و بەهۆیەوە دوو سەربازی سوپای عێراقی بریندار بوون کە برینی یەکێکیان سەختە.”

ئەمە لە کاتێکدایە کە لە چەند رۆژی رابردوودا، کوڕ و باوکێک کە بەمەبەستی راوەماسی رۆشتبوونە سنوورەکە، لەلایەن چەکدارانی داعشەوە ھێرشیان کرایە سەر و کوژران.

ناوچەی زەرگە لەخۆرئاوای سنووری خورماتوودەکەوێتە سەررێگای خورماتوو- تکریت، بەناوچەیەکی بۆشایی ئەمنی دادەنرێت و جموجۆڵی چەکدارانی رێکخراوی داعش تێیدا بەدی دەکرێت، ماوە ماوە پەلاماری ھێزە ئەمنییەکانی سنورەکە وھاوڵاتیان دەدەن.

پێداچوونەوە: ژێوار خدر