چوار دوکان سووتان و دوانیان هیچی تێدا نەما
بەم شەوە ئاگرێکی نادیار بازاڕی گەورەی کەرکوکی گرتەوە
کاروان ساڵحی – کەرکوک
ئەمشەی ئاگرێک کە هۆکارەکەی نەزاندراوە لایەک بازاڕی گەورەی کەرکوکی گرتەوە و بە هۆیەوە چوار دوکان سووتان بەڵام دووان لەمانە هیچیان بۆ دەرنەچووە.
بەپێی زانیارییەکانی پەیامنێری 964 لە شوێنی رووداوەکە، جگە لەم چوار دوکانە هەشت عارەبانەی دەستگێڕیش لە شوێنەکە سووتاون دوکانەکانیش کاری فرۆشتنی پەردە و جلوبەرگ و جوانکاری ژنانیان دەکرد.
هیوا مەجید، خاوەن عارەبانەیەکە بە 964ی ئەو لە نزیک ماڵەوەی بووە کاتێک هەواڵیان پێداوە کە گەیشتووەتە شوێنەکەش دەبینێت هیچی بۆ دەرنەچووە.
سالار مەجیدیش کە دوکانداری بازاڕەکەیە بەڵام دوکانەکەی دوور بووە لە ئاگرەکە، دەڵێت “چەندینجار بە خاوەن دوکانەکان وتراوە ئامێری ئاگرکوژێنەوەکانتان بهێننە دەرەوە بۆئەوەی ئەگەر لە شەودا ئاگر بکەوێتەوە پاسەوانان بیکوژێننەوە، بەڵام بەقسەیان نەکردووین” ئێستاش داوا دەکات بە بڕیارێک ئەو ئامێرانەیان پێ بهێننە دەرەوە بۆ ئەوەی لە داهاتوو چیتر زەرەرمەند نەبن.
ئێستا ئاگرەکە کۆنتڕۆڵ کراوە بەڵام لایەنە پەیوەندارەکان خەریکی لێکۆڵینەوە چونکە تاوەکو ئێستا نازاندرێت هۆکاری کەوتنەوەی ئاگرەکە چی بووە.
پێداچوونەوە؛ فەرهاد حەسەن