لە کەرکوک

بەندیخانەیەکی مەرکەزی دروست دەکرێت

کاروان ساڵحی – کەرکوک

دوای دروستکردنی بەندیخانەیەکی مەرکەزی لە ناحیەی لەیلان لە کەرکوک چیتر تاوانباران رەوانەی دەرەوەی شارەکە ناکرێن.

پێشتر هەر تاوانبارێک سزای لە سەروی دوو ساڵەوە بوایە بەهۆی کەمی شوێن دەگوزرایەوە بۆ بەندیخانەی ئەلحوت لە شاری ناسڕیە یان فرۆکەخانەی موسەنا لە بەغدا یاخود سوسێ لە سلێمانی بەڵام ئەمڕۆ بڕیار درا بەندیخانەیەکی مەرکەزی لە کەرکوک دروست بکرێت بۆ ئەوەی چیتر سزا دراوان رەوانەی شارەکانی دەرەوەی کەرکوک نەکرێن.

سەرچاوەیەکی باڵا لە پشکنینی وەزارەتی ناوخۆی عێراق بەهۆی نەبونی مۆڵەتی وەزیری ناوخۆی تایبەت بە964ـی وت، هەر بەندکراوێک دوای بڕیاری دادوەر لەسەر دیاری کردنی سزاکەی بێت و لەسەروی دووساڵەوە بێت ئەوە دەگوازرێتەوە بۆ ئەو ئەو بەندیخانانەی دەرەوەی کەرکوک، وتیشی ماوەی سێ ساڵ دیاری کراوە بۆ دروستکردنی ئەو بینا نوێیە کە دەکەوێتە ناحیەی لەیلان لە باكوری رۆژهەڵاتی کەرکوک.

پارێزەر مەنال عەدنان لە دادگای کەرکوک بۆ 964 وتی، ئەوانەی سزا دراون بە هۆی مادەی هۆشبەرەوە رەوانەی بەندیخانەی ئەلحوت دەکرێن، ئەوەی لەسەر مادەی 4ی تیرۆرە بۆ فڕۆکەخانەی موسەنا لە بەغدا، ئەوانەش کە تاوانییان کوشتنە بەڵام تیرۆری نییە یاخود ئالودەی مادەی هۆشبەرە رەوانەی سوسێ دەکرێن.

ئەمڕۆ پینجشەممە 11.7.2024وەزارەتی دادی عێراق بڕیاری دا بەدروستکردنی بەندیخانەیەکی مەرکەزی بۆ کەمکردنەوەی قەرەباڵغی لە دامەزراوە چاکسازییەکانی کەرکوک،  دیزاینی بنەڕەتی ئەم بەندیخانەیە کۆمەڵێک دامەزراوەی چاکسازی لەخۆدەگرێت، لەوانە ماڵی چاودێری نەوجەوانان و قوتابخانەی چاکسازی نەوجەوانانی پیاوی پارێزگا.

پڕۆژەکە لەسەر رووبەری 200 دۆنم دادەمەزرێت، تا هۆڵی زیندانەکانی ژنان و پیاوان لەخۆبگرێت، جگە لە بیناسازی بۆ پەروەردە، وۆرکشۆپی تەکنیکی، پزیشکی ، سەردان و هەموو ئاسانکارییە خزمەتگوزارییەکانیش لەخۆ دەگرێت.

پێداچوونەوە: میدیا گۆران