شەوی رابردوو چی روویدا؟
شەڕ راوەستا و ئاگربەست راگەیاندرا، لە بەسڕەش كێشەیەكی گەورە روویدا
ئەرسەلان عەبدوڵا
هەرچەندە شەوی رابردوو هەموو ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و وڵاتە گەورەكان لەسەر خەت بوون و چاوەڕێی راگەیاندنی ئاگربەستی نێوان ئەمریكا و ئیسرائیل و ئێران بوون، بەڵام ئەگەر هەموو وردەكارییەكان نازانیت، لێرە هەموویان بخوێنەوە.
– ئەمریكا و ئێران، بە نێوەندگیریی پاكستان رێككەوتن بۆ دوو هەفتە شەڕ رابگرن و ئاگربەستیان راگەیاند.
– بەپێی رێككەوتنەكە، دەبێت ئێران دەستبەجێ گەرووی هورمز بكاتەوە.
– رۆژی 10ی ئەم مانگە گفتوگۆیەكانی ئێران و ئەمریكا لە پاكستان دەستپێدەكات بۆ گەیشتن بە ئاشتی و رێككەوتنی هەمیشەیی.
– وڵاتانی پاكستان، میسر، توركیا و مەغریب رۆڵیان لە رێككەوتنی نێوان ئەمریكا و ئێران هەبوو.
– ئەمریكا و ئێران لەسەر رێككەوتنێكی 10 خاڵی رێككەوتوون.
– دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند: راگرتنی شەڕ مەرجدارە بەوەی ئێران دەستبەجێ گەرووی هورمز بکاتەوە، ئێمە لەم دانوستانەدا بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا و وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەک یەک دەپارێزین.
– ترەمپ: راگرتنی شەڕ سەركەوتنێكی گەورەیە بۆ ئەمریكا.
– ترەمپ: ئێران ئێستا دەتوانێت دەست بە ئاوەدانكردنەوەی وڵاتەكەی بكات.
– ترەمپ: لەگەڵ دۆسیەی یۆرانیۆمی ئێران مامەڵەیەكی گونجاو دەكەین.
– ئیسرائیل پاڵپشتی لە ئەمریكا دەكات بۆ ئاگربەست، بەڵام هێرشەكانی بۆ سەر لوبنان راناگرێت.
– ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئێران دەڵێت: سەرکەوتین و ئەمەریکا ناچاربوو مەرجەکانمان قبوڵ بکات
– کەناڵی CNN : ئیسرائیل رازی بوو ئاگربەست رابگەیەنێت و هێرشەکانی سەر ئێران رادەگرێت.
– دوای راگەیاندنەکەی ترەمپ نرخی نەوت زۆر خێرا هاتە خوارەوە و یەک کاتژمێر بەس بوو بۆ ئەوەی بەرملێک نەوتی برێنت بگاتە 90 دۆلار.
– سكرتێری نەتەوە یەكگرتووەكان پێشوازی لە راگرتنی شەڕی نێوان ئەمریكا و ئیسرائیل و ئێران دەكات.
– کەتائیبی حیزبوڵڵای عێراقی بڕیاری ئازادکردنی كچە رۆژنامەنووسی ئەمریکی شیلی کیتلسۆنی دا و داواش کراوە دەستبەجێ عێراق جێبهێڵێت.
– شەوی رابردوو پێش راگەیاندنی ئاگربەست، بارەگاكانی حەشدی شەعبی لە بەغدا، بە چڕی لە چەند ناوچەیەك بۆردومان كران
– ژمارەیەك خۆپێشاندەر لە بەسڕە هێرشیان كردەسەر كونسوڵخانەی كوێت لە بەسڕە و ئاڵای وڵاتەكەیان لەسەر بینای كونسوڵخانەكە هێنایە خوارەوە.
– وەزارەتی ناوخۆی عێراق: لە هێرشی خۆپێشاندەران بۆ سەر كونسوڵخانەی كوێت، پێنج كارمەندی ئەمنی و چەند هاوڵاتییەك بریندار بوون و رەوشەكە كۆنتڕۆڵ كراوە.
– كوێت بۆ هێرشكردنەسەر كونسوڵخانەكەی لە بەسڕە: حكومەتی عێراق بەرپرسە و چاوپۆشی لێناكەین.