لە هەرێمی کوردستان

کەشناسێک: ئەم مانگە لەمە زیاتر گەرم نابێت

964+

توانا نەقی

نزیکەی 20 رۆژە بەتەواوەتی وەرزی هاوین دەستی پێکردووە و پلەکانی گەرما بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبوونەتەوە، کەشناسێکیش دەڵێت، بۆ مانگی تەموز واتە ئەم مانگە هیچ شەپۆلێی گەرمای توند روو لە هەرێمی کوردستان ناکات.

بەگشتی رۆژانە پلەکانی گەرما لە بەشێک لە شارەکانی هەرێم و بەتایبەت گەرمیان لەسەرووی 45 پلەوەیە، بەڵام بە پێی کەشناسی لە سبەینێوە کەمێکی دیکە پلەکانی گەرما بەرزدەبنەوە تا رۆژی هەینی.

سیروان ساڵح شارەزای کەشناسی بۆ 964 وتی، لە ئەمڕۆ چوارشەممەوە تاوەکو رۆژی هەینی پلەکانی گەرما چەند پلەیەك بەرزدەبنەوە، تەنها لە ناوچەکانی دەورووبەری دەریاچەی حەمرین ئەگەرهەیە پلەکانی گەرمی بگاتە نزیک 50 پلە، ناوچەکانی دیکەی گەرمیان ئەگەر هەیە بگاتە نێوان 46 تاوەکو 48 پلە.

وتیشی، “وەرزی هاوین بە وەرزی گەرما ناسراوە و هەزاران ساڵە هەروابووە و پێویست بە هۆشداری و گەورەکردن ناکات، بە پێی پێشبینی ئێمە تا مانگی حەوت تەواو دەبێت هێچ شەپۆلێکی گەرمای توند نایەت و لە ئێستا گەرمتر نابێت.

ئەو کەشناسە ئاماژەی بەوەشکرد، بەپێی نوێترین زانیاری ئەو سێ هەفتەیەی کەماوە لەم مانگە واتە مانگی تەموز هیچ شەپۆلێکی گەرمای توند لەئارادا نییە و پلەکانی گەرمای وەرزی هاوینی ئاسایی جێگیردەبن.

سبەی کەشوهەوا تۆز و خۆڵ دەبێت

سبەی کەشوهەوا تۆز و خۆڵ دەبێت