بەرگری شارستانی هەولێر داتای کردووە

لە شەش مانگدا؛ یاری منداڵان 56 رووداوی ئاگرکەوتنەوەی هەڵگیرساندووە

964+

ئەحمەد مستەفا

لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵ لە هەولێر، “971 رووداوی جیاواز تۆمار کراون”، لەوانە 11 ئۆتۆمبێل بەهۆی فیت پەمپەوە سووتاون و بەهۆی یاری منداڵانەوە 56 رووداوی ئاگرکەوتنەوە روویانداوە.

ئامارەکە، بەرگری شارستانی هەولێر لە 1.1.2024 بۆ 30.6.2024 داتا و تۆماری کردووە.

مانگی شەش مانگی ئاگر بووە

ئەمڕۆ سێشەممە 9.7.2024، شاخەوان عومەر، وتەبێژی بەرگری شارستانی هەولێر لەگەڵ بڵاوکردنەوەی ئامارەکانیان قسەی بۆ 964 کرد و وتی، “لە ماوەی شەش مانگی رابردوودا لە کۆی ئەو رووداوانەی روویانداوە، لە مانگی شەش 384 حاڵەتی روودانی ئاگرکەوتنەوەیان هەبووە و زۆرترین بووە”.

لەو ژمارەیە و تەنیا لە مانگی شەشدا، ” 91 حاڵەتیان بە هۆکاری کارەبا، 131 حاڵەتیان بەهۆکاری نادیار، غاز 28 حاڵەت، کەمتەرخەمی 57 حاڵەت، جگەرە 35 حاڵەت، یاری منداڵان و ئاگرین 39 حاڵەت و بەهۆی گازەوە سێ حاڵەت” روویانداوە.

رووداوەکان لەدەرەوەی شار زۆرترین بووە

بە قسەی وتەبێژی بەرگری شارستانی هەولێر، لە ماوەی شەش مانگی رابردوودا، “11 هاوڵاتی بەرووداوی جیاواز گیانیان لەدەستداوە، هەروەها 69 کەس برینداربوو، هەروەک نۆ هاوڵاتی خنکاون و توانراوە 27 کەسیش لە خنکان رزگار بکرێن”.

بەگوێرەی داتاکەی بەرگری شارستانی هەولێر بێت، زۆرینەوی ئەو رووداوانەی روویانداوە، لە دەرەوەی سەنتەر و ناوەندی شاری هەولێر بووە، بەجۆرێک لەناو سەنتەری شار 242 رووداوی جۆراوجۆر روویانداوە، لە کاتێکدا لە دەرەوەی شاری هەولێر 729 حاڵەتی جۆراوجۆر روویانداوە.

داتای بەرگری شارستانی هەولێر؛