گومانیان بۆ پردێکی رووخاو دەچێت
دوای سێ مانگ دیمەنی باوکی گەنجە خنکاوەکە هەموو شتێکی گۆڕی
ژووری هەواڵ
سێ مانگی رەبەقە گەنجە 26 ساڵەکەی کەلار خنکاوەو تائێستا تەرمەکەی سۆراغی نییە، بەڵام ئەمڕۆ دیمەنی باوکی هەموو شتێکی گۆڕیوەو تیمەکانی گەڕان بڕیاریان داوە سەرلەنوێ تێهەڵبچنەوە.
رۆژی 17.06.2026 ئەحمەد لوقمان لە دایکبوونی ساڵی 2000 لەگەڵ ئامۆزاکەی چووبوونە سەر رووباری سیروان، بەڵام پاشنیوەڕۆ ئاوەکە بردبووی خنکابوو، تیمەکانی بەرگری شارستانی و هێزە ئەمنییەکان زۆر بۆی گەڕان نەیاندۆزییەوە ئیتر لە دۆزینەوەی بێ هیوا بوون و کۆڵیاندا، بەڵام باوکی هەموو رۆژێک بە دیار ئاوەکەوە بوو جێی نەدەهێشت.
پێش پێنج رۆژ گەنجێکی دیکە بەناوی (محەمەد عەبدولرەحمان) لە هەمان رووبار خنکابوو، ئەمڕۆ تەرمەکەیان دۆزییەوە، بەڵام ئەمڕۆ کە باوکی ئەحمەد لوقمانیان دیبوو، دڵیان بەرگەی نەگرتبوو بڕیاریانداوە لە سبەینێوە گەڕان دەست پێ بکەنەوە.
ملازم کاردۆ عەبدوڵا سەرپەرشتیاری تیمی غەواسی بەرگری و فریاکەوتنی گەرمیان باسی ئەو دیمەی بۆ 964 کردو وتی ”زانیمان باوکی 91 رۆژە دەچێتە سەر رووبارەکە، بۆیە ئەگەر خوا تەمەن بدات سبەی دەست پێ دەکەینەوە”.
تیمەکان نە بەلەم و درۆنی ژێر ئاوو درۆنی هەوایی و نازوورو غەواسی شارەزا بۆ تەرمی ئەحمەد لوقمان دەگەڕێن.
تیمەکانی گەڕان گومانیان بۆ پردێک دەچێت لە سنووری ماریان، ملازم کاردۆ دەڵێ ”ئەو شوێنە سەبێکی کۆنکرێتی هەیە و شیشی لە بنایە، خۆیان گومان دەکەن لەوێ گیر بووبێت، بۆیە سبەی دەچین لەوێ دەگەڕێین”.