دابەشکردنی فۆڕم دەستپێدەکات
ئەوقافی هەولێر بۆ دابەشکردنی زەوی شەش لیژنەی رێکخست
964+
ئەحمەد مستەفا
ئەوقافی هەولێر شەش لیژنەی بۆ سەروکاری کارەکانی دابەشکردنی زەوی رێکخست و دەست بە دابەشکردنی فۆڕم بەسەر فەرمانبەرەکانیدا دەکات.
بڕیارەکە وایە، لە رۆژی پێنجشەممەوە میکانیزمی پڕکردنەوەی فۆڕم دەستپێبکات.
ئەمڕۆ سێشەممە 9.7.2024، نەبەز ئیسماعیل، بەڕێوەبەری ئەوقافی هەولێر بە 964ی وت، بە مەبەستی جێبەجێکردنی بڕیاری حکومەتی کوردستان بۆ پێدانی زەوی، لەگەڵ بەرپرسی ھۆبەکانی ئەوقافی هەولێر کۆبووەتەوە، شەش لیژنەی تایبەتیان بۆ راپەڕاندنی کارەکانی پرکردنەوەی فۆڕمی تایبەت بۆ کارمەندانی ئەوقافی ھەولێر پێکهێناوە.
وتیشی، کارەکانی لیژنەکە، رێکخستن و جێبەجێکردن و پڕکردنەوەی زانیارییە کەسییەکان دەبێت، سەرجەم کارمەندانی بەڕێوەبەرایەتییەکەیان راسپاردووە، کارەکانی وردبینی و پڕکردنەوەی فۆڕمی زەوی مامۆستایانی ئایینی و فەرمانبەران وەک خۆی جێبەجێ بکەن، تا ھەرکەسێ کە مافی ھەیە سوودمەند بێت لە وەرگرتنی زەوی.
بەڕێوەبەری ئەوقافی هەولێر، کە لە هەمان کاتدا وتەبێژی وەزارەتەکەشە، ئەوەشی وت، “بڕیار دراوە لە رۆژی پێنجشەممەی ئەم ھەفتەیەوە میکانیزمی پڕکردنەوەی فۆرم لە ئەوقافی ھەولێر دەستپێبکات، بۆ ئەمەش تیمێکی فراوانی کارمەندان پێکھێنراوە و سەرپەرشتی کارەکان دەکات”.
لە ناو مامەڵەكاندا جگە لە فۆرمی داواكردنی زەوی، بەڵێننامەش هەیە، پێویستە فەرمانبەر پڕی بكاتەوە كە تێیدا هاتووە، ئەو كەسەی فۆرمەكە پڕ دەكاتەوە، ئەگەر زانیارییەكانی ناڕاست بوون كە پێشتر زەویی وەرگرتبێت، ئەوا سزا دەدرێت بەوەی شەش مانگ كەمتر نەبێت یان سێ ملیۆن دینار پێبژاردنی پێ دەكرێت، زەوییەكەشی لێ وەردەگیرێتەوە و دەخرێتەوە سەر موڵكایەتی دەوڵەت.
واچاوەڕوان دەكرێت فۆڕم و بەڵێننامەكە بۆ هەموو وەزارەت و فەرمانگەكانی حكومەتی هەرێم بنێردرێت.
رۆژی 27.3.2024 سەرۆکی حکومەتی هەرێمی كوردستان، دوای کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران چەند بڕیارێکی دەرکرد، یەکێک لە بڕیارەکان دابەشکردنی زەوی بوو بەسەر فەرمانبەران.
کۆتا جار کە بە شێوەی فەرمی زەوی بەسەر فەرمانبەراندا دابەش کرابێت لە ساڵی 2006 بووە و لەوکاتەوە حکومەت دابەشکردنی زەوی بە شێوەی فەرمی رانەگەیاندووە.