چەند ساڵێکە ئەم کارە دەکات
دوکاندارێک تەنیا قەرز بە پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکان دەدات
+964
شۆڕش هەرکی – هەولێر
لە چەند رۆژی رابردوودا، وێنەیەک لە بەشێک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوبووەوە، مارکێتێک نووسراوێکی هەڵوایسیوە و نووسیویەتی قەرز تەنیا بە پێشمەرگە و هێزە چەکدارەکان نادات.
964 سۆراغی ئەم بابەتەی کرد و لەگەڵ چەند سەرچاوەیەکیش قسەی کرد، بەڵام نەیتوانی زانیاری راست و دروست لەسەر شوێن و هۆکارەکەی دەستبکەوێت.
لە بەرامبەر ئەمەدا، لە چەند مارکێتێکی هەولێر نووسراوە قەرز تەنیا بۆ پێشمەرگە هەیە، جێگر وەحید خاوەنی یەکێک لەو مارکێتانەیە لە ناحیەی بەحركە و بە 964ی وت، لە ساڵی 2014ەوە تا ئێستا ئەم کارە دەکات، چونکە دراوسێ و کەسەنزیکەکانی خۆی هەموویان پێشمەرگەن، ئێستاش کە موچەی هێزە ئەمنییەکان و پێشمەرگە دوا دەکەوێت، بەردەوامە لە بەخشینی قەرز پێیان.
وتیشی، “وەک هەڵوێستێک بەرامبەر ئەو نووسراوەی بڵاوکراوەتەوە، منیش ئەو نووسینەم هەڵواسی، ئەگەرنا چەند ساڵە ئەم کارە دەکەم و ژمارەیەکی زۆری کەسوکاری پێشمەرگە لەلای من بە قەرز کەلوپەل دەبەن”.
پەیامنێری 964 سەیری دەفتەری قەرزی خاوەن مارکێتەکەی کردووە و بینیویەتی، ژمارەیەکی زۆری قەرزی تێدا نووسراوە و یەکێک لە قەرزەکان تا بڕی دوو ملیۆن دینار و نیو رۆیشتووە.
پێداچوونەوە: ژێوار خدر