یانەی شورتە بووە پاڵەوانی خولی عێراق. فۆتۆ: خولی ئەستێرەکان
وەرزی سێیەمی لەسەریەک
شوڕتە بووە پاڵەوانی خولی ئەستێرەكانی عێراق
سۆما حەكیم زادە
یانەی شوڕتە بووە پاڵەوانی خولی ئەستێرەكانی عێراق لە یەكەم وەرزی خولی پیشەگەریی خولەكەدا.
ئەم ئێوارەیە یاریی نێوان شوڕتە و دهۆك لە یاریگەی شەعب لە گەڕی 37 و پێش كۆتایی ئەم وەرزەی خولی ئەستێرەكانی عێراق بە بردنەوەی یانەی شوڕتە بە 1-0 گۆڵ كۆتایی هات، بەم ئەنجامە یانەی شوڕتە بووە پاڵەوانی ئەم وەرزە و بۆ جاری سێیەمی لەسەریەك.
شوڕتە هەفتەیەك پێش كۆتاییهاتنی خولی ئەم وەرزە نازناوەكەی یەكلاكردەوە، دوای ئەوەی یانەی جەوییەی ركابەری نەیتوانی بردنەوە تۆمار بكات و لەگەڵ یانەی قاسم بە گۆڵێك یەكسان بوو.
جیاوازیی خاڵەكانی نێوان هەردوو یانە بووە 5 خاڵ و یەك گەڕی خولەكەش ماوە، بەمەش نازناوەكە یەكلابووەوە.
یانەی شوڕتە بۆ جاری سێیەمی لەسەریەك و حەوتەم جاریشە لە مێژووی خولی عێراقدا دەبێتە پاڵەوان.