دیار نییە كەی دەكرێتەوە
رێگای سەرەكی بۆ بازاڕی زاخۆ داخرا
964+
شڤان عەبدوڵا – زاخۆ
رێگای سەرەکیی بازاڕی زاخۆ بۆ دروستکردنی ئاوەڕۆکان داخرا و دیار نییە كەی تەواو دەكرێت.
سەرلەبەیانی ئەمڕۆ شەممە 29.6.2024 رێگای سەرەکی بۆ ناو بازاڕی زاخۆ لە قوتابخانەی بەدرخان تا پردی مزگەوتی حاجی ئیبراهیم داخرا، بۆ ئەوەی كاری تەواو کردنی ئاوەڕۆکان لە رێگاكە تەواو بكرێت.
ئەمە دەبێتە کوتا قۆناغی دروستكردنی ئاوەڕۆکان هەر لە گەڕەکی سەرهلدان کە پردی دەلال و کۆرنیشەکەی لێیە، تا دەگاتە پردی خانی، کە کوتا خاڵی بازاڕی زاخۆیە.
ئیدریس عەبدوڵا، جێگری سەرۆکی شارەوانیی زاخۆ بە 964 وت، “لەبەر گرنگیی رێگاكە ماوەی تەواوكردنی پڕۆژەکە دەستنیشان نەكراوە و 24 کاتژمێر كارمەندو و ئامێرێكی زۆر لەوێدا كاردەكەن، بۆ ئەوەی کاریگەریی زۆر لەسەر بازاڕ و هاتوچۆ دروست نەكات”.
ماوەی هەشت مانگە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ خەریکی دروستکردنی ئاوەڕۆکانی ناو شاری زاخۆیە، ئەمەش دوای ئەوە دێت لە ساڵانی رابردوودا بەهۆی هاتنی بارانی بەلێزمە، لافاوی زۆر لەناو سەنتەری شار و بە دیاریكراوییش لەناو بازاڕ رووی دەدا، بە قسەی ئەندازیارانی شارەوانی بە تەواوبوونی ئاوەڕۆكان تا رادەیەکی زۆر لافاو روونادات.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا