زۆرترینی زیادەڕۆیی لەلایەن ماڵەکانەوە دەکرێت
لە قەزای سێمێل زیادەڕۆیی لەسەر تۆڕی کارەبا زیادیکردووە
964+
هیڤی دێوالی – دهۆک
رێژەی زیادەڕۆ لەسنووری قەزای سێمێل لە زیادبووندایە، بەڕێوەبەری کارەبای سێمێلیش دەڵێت، زۆرترین زیادەڕۆیی لەلایەن خاوەن ماڵەکانەوە ئەنجام دەدرێت، بەهۆی ماڵەکان زۆر بوونە.
لەسەرەتای ئەم مانگە تاوەکو ئەمڕۆ سێشەممە 25.6.2024، زیاتر لە 20 زیادەڕۆیی تۆڕی کارەبا لە سنووری قەزای سێمێل لە ماڵەکان و کارگەکان تۆمارکراون.
رۆژانە لیژنەکانی بەڕێوەبەرایەتی کارەبای سێمێل سەردانی ناحیە و گەڕەک و بازاڕ و کارگەکان دەکەن بۆ ئەوەی لە هەر شوێنێک بێت زیادەڕۆییەکان لابەرن و راستەخۆ سزابدرێن.
عوبەیدەلا سلێمان، بەڕێوەبەری کارەبای سێمێل بە 964ـى وت، 70%ی زیادەڕۆی تۆڕی کارەبا لە ماڵەکان دەکرێت، بەهۆی رێژەی زۆری ماڵەکان، بەڵام لە کارگەکان 90%یمان کۆنترۆڵکردووە.
وتیشی، لەماوەی دوو رۆژی رابردوودا، دوو کارگە بەبڕی 180ملیۆن دینار سزادراون، بەهۆی زیادەڕۆیی لەسەر تۆڕی کارەبا. هەروەها سزای دارایی بۆ ماڵەکانیش دەکرێت و هەر ماڵێک بەراستەوخۆ بڕی 60 هەزار دینار سزادەدرت.
964 دەزانێت، بەگوێرەی بەرنامەی وەزارەتی کارەبا، ئەو هاوڵاتیانەی زیادەڕۆیی لە تۆڕی کارەبا دەکەن، بەپێی رێژە لە ناو بەرنامەکەدا دیاری کراوە سزا دەدرێن، بڕی سزاکە بۆماوەی دوو ساڵ بەکارهێنانی کارەباکەیە.
قەزای سێمێل لە دوو ناحیە پێکهاتووە و 45 هەزار ماڵی تێدایە.
پێداچوونەوە: هاوبەش