بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان

کۆمیسیۆن وادەی تۆمارکردنی پارت و بەربژێرەکانی درێژکردەوە

ژووری هەواڵ

کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق وادەی تۆمارکردنی پارت و بەربژێرەکانی بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان درێژکردەوە و ئەوانەی خۆیان تۆمارنەکردووە تاوەکو 27ـی ئەم مانگە مۆڵەتیان هەیە.

ئەمڕۆ دووشەممە 24.6.2024، کۆمیسیۆن رایگەیاند، سێ رۆژی دیکە مۆڵەت دەدات بە هاوپەیمانێتی و پارت و بەربژێڕانی سەربەخۆ و پێكهاتەكان، كە خواستیان هەیە بۆ بەشداریكردن لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان.

دەشڵێت، درێژكردنەوەكە تاوەكو كۆتایی دەوامی فەرمی، رۆژی پێنجشەممە 27ـی حوزەیرانی 2024 دەبێت.

پێشتر جارێکی دیکە وادەی تۆماری هاوپەیمانێتی و تۆماری لایەنە سیاسییەکان و ناوی کاندیدەکانیان، لەلای کۆمسیۆن تا 24.6.2024 درێژکرایەوە، ئەوە لە کاتێکدا وادە و رۆژێکی نوێ بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن دیاری نەکراوە. بڕیاربوو 13.6.2024 کۆتا وادە بێت، بەڵام تا 10 رۆژی دیکە ماوەی تۆماری هاوپەیمانی و لایەنەکان درێژکرایەوە.

بەگوێرەی دواین مەروسومی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، بڕیار بوو رۆژی 10.6.2024 هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بکرێت، بەڵام لەو کاتەدا هەڵبژاردن نەکرا، چاوەڕوانکراوە وادەیەکی نوێ بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن دیاری بکرێت.