فەرمانگەی ژینگەی هەڵەبجە - وێنە: فەرمانگەی ژینگەی هەڵەبجە
184ـی دیکە چاوەروانن
هەشت دەرچووی ژینگەیی لە هەڵەبجە دامەزرێندراون
964+
پێشەوا محەمەد
فەرمانگەی ژینگەی هەڵەبجە هەشت دەرچووی ژینگەی لە کارگە و کۆمپانیاکان دامەزراندووە و بەڕێوەبەری فەرمانگەکە دەڵێت، هەوڵ دەدەن موچەکانیان بگەیەننە 500 هەزار دینار.
دەرچووەکان بە ئیجباری لەو پڕۆژانە دادەمەزرێندرێن، کە دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگە مۆڵەتیان دەداتێ، ئەو دەرچووە دەبێتە نوێنەری دەستەکە لەسەر پڕۆژەکە و موچەکەشی لەسەر پڕۆژەکە دەبێت.
سەرهەنگ عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری فەرمانگەی ژینگەی هەڵەبجە بە 964ـی راگەیاند، بە گرنگییەوە لە دامەزراندنی ئەو دەرچووانە دەڕوانن و کۆمپانیا و کارگەکان ناچار دەکەن سەرپەرشتیاریی ژینگەییان هەبێت.
وتیشی، “هەر دەرچوویەکی ژینگە سەرپەرشتیی چەند کارگە و پڕۆژەیەک دەکات، ئێستا موچەکانیان 300 هەزار دینارە و هەوڵ دەدەین پڕۆژەی دیکەیان بۆ زیاد بکەین تا موچەکانیان بگاتە 500 هەزار دینار”.
292 دەرچووی ژینگە فۆڕمیان لە فەرمانگەکە پڕکردووەتەوە و لە چاوەڕوانیی دامەزراندندان.
بە پێی رێنماییەکانی دەستەی چاککردن و پاراستنی ژینگە، خاوەن پڕۆژەکان بۆیان نییە ئەو چاودێرانە دەربکەن، بەڵکو دەستەکە چاودێرییان دەکات و ئەگەر بە ئەرکی خۆیان هەڵنەستان خۆیان دەریان دەکەن و کەسی دیکە دەخەنە شوێنیان.
سەرهەنگ عەبدولڕەحمان ئاماژەی بەوەش کرد، دامەزراندنی دەرچووەکان بە خاڵبەندی دەبێت، نمرەی دەرچوونیان و باری خێزانی و بڕوانامەکەیان، کە لەگەڵ کاری کۆمپانیا و پڕۆژەکان بگونجێت لەبەرچاو گیراوە لەگەڵ وەرگرتنی کۆرسی راهێنانی ژینگەیی.
بەپێی ئاماری دەستەی ژینگەی هەرێمی کوردستان، ساڵی رابردوو 151 دەرچووی ژینگە لەسەر پڕۆژە و کۆمپانیاکان دامەزرێندراون.