تەمەنیان زیاتر لە سەدەیەکە
کفرییەکان لەپێناو پاراستنی مێژووی شارەکەیان خانووە کلتورییەکانیان دەبەخشن
964+
سیروان خورشید – دوزخورماتوو
سەڵاح محەمەد مامۆستایەکی کفرییە و لە هەوڵی دروستکردنی کەمپینێکە بۆ نۆژەنکردنەوەی ئەو خانووە کلتوورییانەی کە خاوەنەکانیان لە پێناو زیندوو هێشتنەوەی مێژوو کلتووری شارەکەدا بەخشیویانە.
مێژویی دروستبوونی خانووەکان زیاترە لە سەدەیەک و دەکەونە یەکێک لە گەڕەکە کۆنەکانی شارەکەوە، کە بە کۆڵانی دەدە ناسراوە، دوای چۆڵکردنیان لەلایەن خاوەنەکانیانەوە بە هەمان شێواز و دیزاینی کۆنی خۆیان ماونەتەوە و پێویستیان بە نۆژەنکردنەوەیە.
سەڵاح لە ئێستادا رەزامەندی تەنیا دوو خانووی لە خاوەنەکانیان وەرگرتووە و لە هەوڵیشدایە بۆ بە دەستهێنانی ژمارەیەکی تر، داواش لە حکومەت و لایەنە پەیوەندیدار و خێرخوازان دەکات بۆ ئەوەی خانووەکان نۆژەن بکرێتەوە و بخرێتە خزمەتی ئەو گەشتیارانەی کە لە دەرەوەی گەرمیانەوە سەردانی کفری دەکەن.
محەمەد جەماڵ، چالاکوانێکی مەدەنیە لە قەزاکە لە لێدوانێکیدا بۆ 964 دەڵێت، “شارەکەیان زیاتر پێویستی بەخزمەتکردن و گرنگی پێ دانە بە شوێنەوار، چونکە شارەکە بەبوونی زۆری شوێنەوارەوە ناسراوە، داواش لەو ھاوڵاتیانە دەکات کەخانووەکانیان زۆر کۆنە بیخەنە خزمەتی گشتییەوە و بۆ ئەوەی وەکو سمبولێکی نموونەیی شارەکەیان بە نازناوی شوێنەواری کۆن بمێنێتەوە”.
عوبێد محەمەد، لێپرسراوی بنکەی شوێنەواری کفری بە964ـی وت، “تاوەکو ئێستا زیاتر لە 50 خانووی کۆن، لەلایەن خەڵکی شارەکەوە پێشکەشی شوێنەوار کراوە و لەدواینیاندا شەش خانوو بوو، کە بڕیارە لە داهاتوویەکی نزیکدا نۆژەنی بکەنەوە لە پێناو خزمەتی گشتی”.
وتیشی، “ئەو کەسانەی کە ئامادەن خانووەکانیان ببەخشن پێویستە بێن و سەردانیان بکەن تاوەکو، بەڕێکاری فەرمی خانوەکانیان پێشکەش بکەن” دەشڵێت، “بەهۆی نەبونی بودجەی پێویستەوە ناتوانن وەک پێویست خانووە کۆنەکان نۆژەنبکرێتەوە کە ھەموویان پێویستیان بەنۆژەنکردنەوەیە، بەڵام لەداھاتوودا کە بودجە تەرخان کرا سەرجەمیان نوژەندەکرێنەوە”.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا