بەدواداچوونی 964

192 پاڵاوگە لە هەرێم هەن و کەمتر لە 15ـیان مۆڵەتیان هەیە

964+

پێشەوا محەمەد

بەپێی بەدواداچوونێکی 964، لە هەرێمی کوردستان 192 پاڵاوگە بوونیان هەیە و کەمتر لە 15ـیان مۆڵەتی یاسایی و ژینگەییان هەیە.

شەوی رابردوو پاڵاوگەیەک لە رێگای هەولێر- گوێڕ گڕی گرت و ئێستا کە زیاتر لە 16 کاتژمێر بەسەر ئاگرەکەدا تێپەڕیوە هەر بەردەوامە و کۆنتڕۆڵ نەکراوە، بەهۆیەوە 10 کەس بریندارن و شەش ئۆتۆمبێل سووتاون، سێ ئۆتۆمبێل تانکەرى بارهەڵگرن و سێ ئۆتۆمبێلیشیان ئاگرکوژێنەوەى بەرگریى شارستانین.

بە وتەی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، کە ئەمڕۆ پێنجشەممە 13.6.2024 لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی پێدا، زیانی مادیی سووتانی پاڵاوگەکە هەشت ملیۆن دۆلارە.

پاڵاوگەکان چۆن دابەش بوون؟

بەدواداچوونەکەی 964 ئەوەی دەرخستووە، لە سنووری پارێزگای هەولێر 100 پاڵاوگە بوونیان هەیە، لەو ژمارەیە، بەپێی زانیاریی فەرمانگەی ژینگەی هەولێر کە بە 964 دراوە، لە سەردانی سەردانی 30 پاڵاوگەیاندا تەنیا سیانیان مۆڵەتی یاسایی و ژینگەییان هەبووە.

لە سنووری پارێزگای سلێمانی 44 پاڵاوگە و کۆگای سووتەمەنی هەیە و هیچیان مۆڵەتی یاسایی و ژینگەییان نییە.
لە دهۆکیش 48 پاڵاوگە هەیە و 36ـیان بێ مۆڵەتی یاسایی و ژینگەیین.

پەرلەمان یاسای هەیە

پەرلەمانی کوردستان لە ساڵی 2021ـدا یاسای ژمارە 3ـی تایبەت بە هاوردەکردن و عەمبارکردن و فرۆشتنی بەرهەمە نەوتییەکانی پەسەند کردووە.

بەپێی بڕگەکانی یاساکە، دەبوو وەزارەتی سامانە سروشتییەکان رێنمایی تایبەت بە جێبەجێکردنی ئەم یاسایە دەربکات و لەناویاندا کۆتایی بە کارکردنی پاڵاوگە نایاساییەکان بهێنێت، یان بە دەرهێنانی مۆڵەتی یاسایی و جێبەجێکردنی رێنماییە ژینگەییەکان ناچاریان بکات.

دوای ئەو رووداوە دادەخرێن؟

بە وتەی دڵشاد هیرانی، بەڕێوەبەری فەرمانگەی ژینگەی هەولێر، کە قسەی بۆ 964 کردووە، زۆرینەی ئەو پاڵاوگانە مۆڵەتیان نییە و هیچ مەرجێکی ژینگەشیان تێدا نییە.

وتیشی، “بە فەرمی لەگەڵ پارێزگاری هەولێر نووسراومان کردووە بۆ داخستنی سەرجەم ئەو پاڵاوگە نایاساییانەی لەو سنوورەن بە ئەوەشەوە کە سووتاوە”.

هاوکات پارێزگاری هەولێر لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەی ئەمڕۆیدا وتی، “دەرهێنانی مۆڵەتی ئەو پاڵاوگانە لە دەسەڵاتی وەزارەتی سامانە سروشتییەکاندایە، ئێمە بەدواداچوون دەکەین و هەر پاڵاوگەیەک مۆڵەتی یاسایی نەبێت دایدەخەین”.

ژمارەی راستەقینەی پاڵاوگەکانی هەرێم چەندە؟

بۆ ئەم بەدواداچوونە 964 لە ژمارەی راستەقینەی پاڵاوگەکانی هەرێم تووشی کێشە بوو، پەرلەمانتارانی خولی پێشووی پەرلەمانی کوردستان ژمارەی جیاوازیان دەدا، 400 پاڵاوگە و 300 پاڵاوگە ئاماژەی پێکرا، بەڵام ئەندامێکی خولی پێشووی لیژنەی سامانە سروشتییەکانی پەرلەمانی کوردستان بەپێی کۆنووسێکی لیژنەکەیان، کە بەدواداچوونیان بۆ پاڵاوگەکان کردووە ئاماژەی بەو 192 پاڵاوگەیە کرد لە هەرێمی کوردستان و 964ـیش لەو رووەوە پشتی بەو ژمارەیەیان بەست.

تا ئێستا وەزارەتی سامانە سروشتییەکان، کە لایەنی فەرمیی پەیوەندیدارە بەو بابەتەوە، هیچ ئامارێکی فەرمیی ئەو پاڵاوگانەی لە هەرێم رانەگەیاندووە.

ئەو پاڵاوگەیەی لە هەولێر سووتاوە مۆڵەتی نییە

ئەو پاڵاوگەیەی لە هەولێر سووتاوە مۆڵەتی نییە