چى روویدا؟
چیرۆکى ئاگرەکەى هەولێر لە سەرەتاوە تا ئێستا
964+
وریا فەتاح
زیاتر لە 13 کاتژمێر تێپەڕیوە، بەڵام تاکو ئێستا کڵپە و بڵێسەى ئاگرى پاڵاوگەکەى سنوورى هەولێر بەردەوامە، زیاتر لە 10 کەسیش بریندار بوون و شەش ئۆتۆمبێلیش سووتاون.
ئاگرەکە لە کاتژمێر 8:30 خولەکى شەوى رابردوو دەستیپێکرد
کاتژمێرەکانى سەرەتا تیمەکانى بەرگرى شارستانى گەیشتنە شوێنەکە هەوڵەکانیان بۆ کۆنتڕۆڵکردنى ئاگرەکە دەستپێکرد، بەشێوەیەک لە کاتژمێرەکانى سەرەتادا نزیکەى 40 تیمى بەرگرى شارستانى بە هەموو پێداویستییەکانیانەوە گەیشتە شووێنى رووداو.
گەورەى ئاگرەکە و تەقینەوەى ئاگرەکە لەناو خۆیدا، ئەرکەکانى تیمەکانى بەرگرى شارستانى قورس کرد، دواتر ئەرکى تیمەکان لە کۆنتڕۆڵکردنى ئاگرەکەوە بۆ رێگریکردن لە تەشەنەکردن گۆڕدرا و لە دەورى ئاگرەکە ئاگربڕیان ئەنجامدا.
بەهۆى ئاگرەکەوە، 10 کەس یریندارن کە زۆرینەیان کارمەندانى بەرگرى شارستانى هەولێرن و چەندین کەسیش لە تیمەکان و هاوڵاتیان و پەیامنێران توشى تەنگەنەفەسى بوون، تیمەکانى فریاکەوتنى تەندروستیش بە درێژایى ئەو ماوەیە لەوێن و ئەوانەى پێویستیان بە فریاگوزارى سەرەتاییە کارى پێویستى بۆ ئەنجام دەدەن.
بەهۆى ئاگرەکەوە شەش ئۆتۆمبێل سوتاون، سێ ئۆتۆمبیل تانکەرى بارهەڵگرن و سێ ئۆتۆمبێلیشیان ئاگرکوژێنەوەى بەرگرى شارستانین.
تەقینەوەکان لە ناوخۆدا
ئەو شوێنەى ئاگرەکەى تێدا دروست بووە، پاڵاوگەیە نەوتى رەشى تێدایە و پێکهاتەکانى لێ جیا دەکرێتەوە، بەپێى ئەو زانیارییانەى 964 دەستیکەوتووە پاڵاوگەکە شەش خەزانى تێدایە.
یەکێک لە شۆفێرانى تانکەر کە لە کاتى ئاگرەکە هاتووە بۆ دورخستنەوەى ئۆتۆمبێلەکەى، بە پەیامنێرى 964ـى وتووە، هەر خەزانێک 400 بۆ 500 تۆن نەوتى رەشى تێدایە، بەڵام تائیستا 964 لە بارەى ژمارەى ئەو خەزانانە زانیارى نییە کە لە کۆگاکەدا چەند خەزان هەیە.
بەهۆى ئەوەى ئاگر کۆگاکانى گرتووەتەوە، چەند جارێک تەقینەوە روویداوە و ئەوەش ئاگرەکەى گەورەتر کردووە و واى لە تیمەکانى بەرگرى شارستانى کردووە پاشەکشە بکەن.
تیمەکان خۆیان کۆدەکەنەوە و بۆ کۆنتڕۆڵکردنى ئاگرەکە
لە کاتژمێر 3:00ـى بەرەبەیانەوە، تیمەکانى بەرگرى شارستانى کۆڵیانداوە و بەدیار ئاگرەکەوە وەستاون، وەک خۆیان باسیان کردووە لە کۆنتڕۆڵ دەرچووە و دەبێت سەرجەمى ئەو پێکهاتانە لە نەوتى رەش و قیر و سوتەمەنى کە لە کۆگاکەدا بسوتێت ئینجا هەوڵ بدرێتەوە بۆ کۆنتڕۆڵکردنى.
لە نزیک کاتژمێر 10:00ـى بەیانى رۆژى پێنجشەممە، تیمەکان خۆیان کۆدەکەنەوە و دەیانەوێت هەوڵەکانیان دەستپێبکەنەوە بۆ کۆنتڕۆڵکردنى ئاگرەکە.
دوکەڵ و رەشى ئاگرەکە، ئاسمانى هەولێرى داپۆشیوە و یەک پارچە کردوویەتى بە پەردەیەکى رەش و ئاسمانى هەولێرى پێ داپۆشیوە، دوکەڵى ئاگرەکە ئەوەندە بەرزە، سەرنشینانى ئەو فڕۆکانەى دێنە هەولێر یان لە هەولێرەوە گەشت دەکەن، بە ئاشکرا هەستى پێدەکەن و تا ئاستێکى بەرز دووکەڵەکە لەگەڵیان دەبێت.