سبەى ناچنەوە بەرخوێندن
کێ وەڵامی دوو منداڵەکەی سەرحەد دەداتەوە؛ پەروەردە، حکومەت یان رێکخراوەکان؟
964+
وریا فەتاح
سبەی زەنگی ساڵی نوێی خوێندن لێدەدات، بەڵام لە تەنیشت ئەو هەموو منداڵەی بە جلی نوێوە روو لە پۆلەکان دەکەن، بەڵام دوو منداڵەکەى سەرحەد و شەهلا لەماڵەوەن و بەهۆى بارودۆخى داراییەوە ناتوانن بگەڕێنەوە بۆ خوێندن.
چیرۆکەکە بەم شێوەیەیە:
لە حەوتی بەیانییەوە تا شەشی ئێوارە، بە ماتۆڕێکەوە کۆڵان بە کۆڵانی سلێمانی دەگەڕێن. چاویان لە پارچەیەک کارتۆن و مقەبای فڕێدراوە تا بیدەنە دواوەی ماتۆڕەکەیان، بۆ ئەوەی لە کۆتایی رۆژەکەدا تەنیا 10 هەزار دینار ببەنەوە ماڵەوە.
ئەمە چیرۆکى ژیانى سەرحەد قادر و شەهلا عەبدوڵای هاوسەرین. لە کاتێکدا خەریکی کۆکردنەوەی کارتۆن بوون، بەدەم کارەکەیانەوە قسەیان بۆ 964 کرد و باسیان لەو ژیانە سەختە کرد کە چارەنووس بەسەریدا سەپاندوون.
ژیان بۆ ئەم دوو هاوسەرە تەنها لە هەژاریدا کورت نەبووەتەوە، بەڵکو هەردووکیان نەخۆشن، سەرحەد نەخۆشیی بوورانەوەی لەگەڵدایە و شەهلاش نەخۆشی نەخۆشخانەی هیوایە و ململانێ لەگەڵ شێرپەنجە دەکات.
شەهلا بەدەم کۆکردنەوەی مقەباکانەوە دەڵێت، “لەبەر بێ پارەیی ناتوانم نەشتەرگەرییەکەشم بکەم، بەڵام ئەم ئیشەی دەیکەین ناچارییە، هەرچۆنێک بێت زۆر باشترە لەوەی دەست لەبەر خەڵک پان بکەمەوە.”
ئەوەی لە نەخۆشییەکەیان زیاتر ئازاری ئەم دوو هاوسەرە دەدات، چارەنووسی دوو منداڵەکەیانە کە تەمەنیان 8 ساڵ و 10 ساڵە. سبەی یەکەم رۆژی ساڵی نوێی خوێندنە و زەنگی مەکتەبەکان لێدەدرێت، بەڵام منداڵەکانی سەردار و شەهلا وەک منداڵانی دیکە جلی مەکتەب لەبەر ناکەن، چونکە لەبەر نەبوونی لە خوێندن دەریانهێناون.
وەک ئەوەى سەرحەد بە دڵێکی پڕەوە دەڵێت، “کە سەیری منداڵان دەکەم دەچن بۆ مەکتەب و هی من ناچن، وەڵاهی 10 ساڵ لە تەمەنم کەم دەکات.”
خێزانەکە کرێچین و مانگانە 160 هەزار دینار کرێی خانوو دەدەن. کرێچێتیش هێندەی تر باری سەر شانیانی قورس کردووە. سەردار باسی لەوە کرد کە دراوسێیەکیان پێی وتووە منداڵەکان بنێرێتەوە بۆ مەکتەب و خۆیان هاوکارییەکیان دەکەن، بەڵام سەردار دەڵێت، “من هەر لە کرێدام، سێ مانگ لە شوێنێکم و چوار مانگ لە شوێنێکی تر، ئەم هەموو نەقڵ و نەقڵکارییەی مەکتەب ناکرێت، بۆیە باشترە هەر نەچن، نامەوێت بەهۆی دەرهێنان و گواستنەوەی بەردەوامەوە دڵیان بشکێت.”
سەرحەد و شەهلا بە 11 کاتژمێر کارکردن لەسەر ماتۆڕەکەیان، هەوڵدەدەن تەنها کرێی خانوو و پارەی نانێکی وشک پەیدا بکەن، ئەوە جگە لەوەى بەهۆى کارەکەیەوە دڵیان دەشکێت، وەک ئەوەى سەردار وتى،”دوێنێ وەک هەر رۆژێکى تر کارتۆنى بەردەم دووکانێکم لابرد، بەڵام خاوەن دووکانەکە بە توڕەییەوە وتى دایان بنێوە، قسەیەکیشى کرد تا ئێوارە خەفەتم لێى خوارد”.