ساڵانێکە چاوەڕێن
هاوڵاتیانى ناحیەى باوەنوور کێشەى ئاوى خواردنەوەیان نامێنێت
964+
میلاد جەلال_گەرمیان
ئهمڕۆ بەردی بناغەی پرۆژەی ئاوی ناحیەی پێباز دانرا، كه سوود له ئاوى رووبارى سیروان وهردهگرێت و بههۆیهوه كێشهى ئاوى خواردنهوه له سنوورى ئهم ناحیهیه نامێنێت.
بڕیارە لەماوە 150 رۆژدا پرۆژەکە تەواو ببێت کە لەسەر بودجەى وەبەرهێنانى وەزارەتى شارەوانى و گەشتوگوزار یەک ملیار و 133 ملیۆن دینارى بۆ تەرخانکراوە
نەوزاد حەمید، بەڕێوەبەری ئاوی دەوروبەری گەرمیان بۆ 964 روونى کردەوە کە قۆناغی یەکەمی پرۆژەکە بریتییە لە راکێشانی ھێڵی گواستنەوەی ئاو لەگەڵ دروستکردنی سەرچاوەی ئاو لەسەر رووباری سیروان و پاڵنانی لەڕێگەی شەش پەمپەوە بۆ ناو پڕۆژەکە.
“لە ساڵی 2021ـەوە بڕیاری جێبەجێکردنی پرۆژەکە دراوە، چوار جار تەندەرینی بۆ کراوە، بەڵام ھیچ وەبەرھێنەرێک بەھۆی کەمی ئەو گوژمەیەی بۆی دیاری کراوە ئامادە نەبووە وەریبگرێت، بۆیە دوای رەزامەندی ئەنجومەنی وەزیران بڕیارماندا بەشێوەی راستەوخۆ لەسەر بودجەی وەزارەتی شارەوانی و گەشت و گوزار ئەنجام بدرێت”، نەوزاد حەمید وای وت.
جگە لە قۆناغى یەکەم، بەم نزیکانە قۆناغی دووەمی پرۆژەکە دەدرێتە تەندەرین کە بریتیە لە پاڵاوگەیەکی ئاو، بە وتەى نەوزاد حامید لە ماوەی کاتژمێرێکدا پڕۆژەکە توانای دابەشکردنی 400 مەتر چوارگۆشە ئاوی ھەیە.
لايخۆشییەوە عهدنان عهلى، بهڕێوهبهرى ناحیهى پێباز – باوهنوور به 964ـى راگهیاند، به جێبهجێكردنى ئهم پڕۆژه نوێیه كه ناوى پاڵاوتگهى ئاوى باوهنووره، كێشهى ئاوى خواردنهوهیان نامێنێت.
وتیشی “پڕۆژهكه به سێ قۆناغ و بهنزیكهى سێ ملیار دینار جێبهجێ دهكرێت و بۆ قۆناغى یهكهمیشی بڕی یهك ملیار و 133 ملیۆن و 524 ههزار و 790 دینار دابینكراوه”.
بودجهى پڕۆژهكه لەسەر بودجەی وەبەرهێنانی وەزارەتی شارەوانی گەشتوگوزار جێبەجێ دەکرێت.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح