بەر لەوەی بچێتە ئه‌نقه‌ره وتارێکی بڵاوکردەوە؛
عەلی زه‌یدی: رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست پێویستی به چیرۆكی سه‌ركه‌وتنی نوێ هه‌یه
فەرهاد حەسەن
عه‌لی فالح زه‌یدی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق به‌ر له سه‌ردانه‌كه‌ی بۆ توركیا کە بڕیارە ئەمڕۆ سێشەممە بێتە ئەو وڵاتە لە میدیایەکی تورکیا وتارێکی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت “رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست پێویستی به چیرۆكی سه‌ركه‌وتنی نوێ هه‌یه، عێراق و توركیاش توانای دابینكردنی یه‌كێك له گرنگترین له‌و چیرۆكانه‌یان هه‌یه”.
زه‌یدی وتارەکەی لە ئاژانسی ئه‌نادۆڵی توركیا بڵاوکراوەتەوە و دەڵێت “له ماوه‌ی ده‌یان ساڵی رابردودا، په‌یوه‌ندی نێوان عێراق و توركیا به پله‌ی یه‌كه‌م له‌سه‌ر چه‌ند پرسێكی هاوبه‌ش بوون له‌وانه‌ش (ئاسایش، ئاو، بازرگانی، و كۆنترۆڵكردنی سنوره‌كان)، هه‌روه‌ها ناوچه‌كه‌شمان ئه‌مڕۆ له‌به‌رده‌م ده‌رفه‌تێكی جیاوازدایه، ده‌رفه‌تێك كه ناچارمان ده‌كات به خواستێكی زیاتره‌وه سه‌یری داهاتوو بكه‌ین”.
دەشڵێت “پرسیاره‌كه چیتر ئه‌وه نییه كه چۆن ته‌حه‌ددای هاوبه‌ش به‌ڕێوه‌ببه‌ین، به‌ڵكو پرسیاره‌كه ئه‌وه‌یه كه چۆن بیانگۆڕین بۆ ده‌رفه‌تێك كه خۆشگوزه‌رانی بۆ هه‌ردوو گه‌لی عێراق و توركیا دروستبكات”.
عه‌لی زه‌یدی ئاماژەی بەوەکردووە کە “عێراق رێگای سه‌قامگیری و چاكسازی و گه‌شه‌سه‌ندنی هه‌ڵبژاردووه، ئه‌وله‌ویه‌ته‌كانی به بنیاتنانی ئابورییه‌كی به‌هێز و ده‌وڵه‌تێكی كاریگه‌ر و په‌یوه‌ندییه ده‌ره‌كییه هاوسه‌نگه‌كان داناوه كه هاوكاریی ناوچه‌یی ده‌كاته به‌ردی بناغه‌ی گه‌شه‌كردن”.
سه‌باره‌ت به توركیاش ئەوەی رونكردووەته‌وه، کە “توركیا خاوه‌نی بنكه‌یه‌كی پیشه‌سازی پێشكه‌وتوو و شوێنێكی ستراتیژی و ئه‌زمونێكی به‌رفراوانه له ژێرخان و وزه و گواستنه‌وه‌دا، توانای هه‌ردولاشمان له سنووره هاوبه‌شه‌كان زیاتر درێژ ده‌بێته‌وه، ناوچه‌یه‌كی فراوان له‌خۆده‌گرێت بۆ بنیاتنانی یه‌كێك له گرنگترین هاوبه‌شییه ئابورییه‌كانی ناوچه‌كه”.
باس لەوەدەکات “جیهان خه‌ریكه نه‌خشه‌ی بازرگانی و زنجیره‌ی دابینكردن ده‌كێشێته‌وه و پرۆژه ئابورییه‌كان بوونه‌ته توخمێكی سه‌ره‌كی له كێبڕكێی نێوده‌وڵه‌تیدا، عێراق و توركیاش ده‌رفه‌تێكی مێژووییان هه‌یه بۆ گۆڕینی شوێنی جوگرافیای خۆیان بۆ به‌های ئابووری، ئه‌مه‌ش وایان لێده‌كات ببنه په‌یوه‌ندی نێوان كه‌نداو و ئاسیا و ئه‌وروپا”.
سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق باسی ئەوەشدەکات کە “رێگای گه‌شه‌پێدان ته‌نیا پڕۆژه‌یه‌كی عێراقی نییه، به‌ڵكو پڕۆژه‌یه‌كی ناوچه‌ییه كه چه‌مكی په‌یوه‌ندی ئابوری له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا پێناسه ده‌كاته‌وه، رێگای گه‌شه‌پێدان نه‌ك هه‌ر ئه‌و كاته‌ی كه پێویسته بۆ گواستنه‌وه‌ی كاڵا كورت ده‌كاته‌وه، به‌ڵكو شاره نوێیه‌كان، ناوچه‌ی پیشه‌سازی، هه‌لی وه‌به‌رهێنان، هه‌زاران هه‌لیكار دروستده‌كات، به‌مه‌ش خوێنبه‌رێكی ئابوری نوێ به ناوچه‌كه ده‌به‌خشێت كه به‌نده‌ره‌كان به بازاڕه جیهانییه‌كانه‌وه ببه‌ستێته‌وه”.
سه‌باره‌ت به‌دۆخی ئه‌منیش، قسەی خۆی کردووە و دەڵێت “ئاسایشی عێراق و توركیا پێویستی به هاوكارییه‌كی نزیك هه‌یه له‌سه‌ر بنه‌مای رێزگرتنی یه‌كتر بۆ سه‌روه‌ری و رووبه‌ڕوبونه‌وه‌ی تیرۆر و تاوانی رێكخراو، به‌و پێیه‌ی گه‌شه‌پێدان ناتوانێت گه‌شه بكات مه‌گه‌ر له ژینگه‌یه‌كی ئاسایش‌دا نه‌بێت”.
سه‌باره‌ت به كێشه‌ی ئاویش، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق باسی له‌وه‌كرد، “ئاو چیتر ته‌نیا بابه‌تێكی ته‌كنیكی نییه، به‌ڵكو بووه‌ته پرسێكی گه‌شه‌پێدان كه كاریگه‌ری له‌سه‌ر ئاینده‌ی ملیۆنان هاوڵاتی هه‌یه، چاوه‌ڕوانی به‌ڕێوه‌بردنی هاوبه‌شی دۆسیه‌ی ئاوین له‌سه‌ر بنه‌مای به‌رژه‌وه‌ندی هاوبه‌ش، هاوكاری زانستی، وه‌به‌رهێنان له ته‌كنه‌لۆژیای سه‌رده‌م، به مه‌به‌ستی گه‌یشتن به ئاسایشی ئاو و خۆراك بۆ گه‌له‌كانمان”.
لە کۆتاییشدا عه‌لی زه‌یدی ده‌ڵێت “رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست پێویستی به چیرۆكی سه‌ركه‌وتنی نوێ هه‌یه، عێراق و توركیاش توانای دابینكردنی یه‌كێك له گرنگترین له‌و چیرۆكانه‌یان هه‌یه، ئه‌گه‌ر سه‌ركه‌وتوو بن له گواستنه‌وه له قۆناغی هاوكاری ته‌قلیدییه‌وه بۆ قۆناغی یه‌كگرتنی راسته‌قینه، هه‌ومو وه‌به‌رهێنانێكی هاوبه‌شیش، هه‌مو كارگه‌یه‌كی نوێ، بۆری، پڕۆژه‌یه‌كی وزه ده‌بێته وه‌به‌رهێنانێك له سه‌قامگیری ته‌واوی ناوچه‌كه‌دا”.
ئەم وتارەی عه‌لی زه‌یدی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق لەکاتێکدایە کە لە چەند رۆژی رابردوودا سه‌ردانی هەریەک لە ئه‌مریكا و ئێرانی کردووە و ئه‌مڕۆ سێشه‌ممەش، به‌سه‌ردانێك ده‌گاته ئه‌نقه‌ره‌ی پایته‌خت و له‌گه‌ڵ ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆگان سه‌رۆك كۆماری توركیا كۆده‌بێته‌وه.