زیانی بۆ گەنم هەیە
شەوی رابردوو 2.2 ملم باران لە پێنجوێن باریوە
964+
کامیار کەمال – پێنجوێن
شەوی رابردوو لە قەزای پێنجوێن بارانێکی باش باریوە و زیاتر لە دوو ملم بووە، بارانەکە لە کاتژمێر 2:30 خولەکی بەرەبەیان دەستی پێکردووە و تا کاتژمێر 7:00ی بەیانی خۆشی نەکردووەتەوە.
بەهادین حەسەن لێپرسراوی کەشناسی قەزای پێنجوێن بە 964ـی راگەیاند، شەوی رابردوو 2.2 ملم باران لە قەزای پێنجوێن باریوە و ئەو رێژەیەش بۆ ئەم کاتەی ساڵ زۆرە.
باسی لەوەشکرد، بارانەکە لە ئێستادا زیانی بۆ گەنم هەیە و ئەو گەنمانەی کە زەردبوون ئەگەری هەیە لەم کاتەدا تووشی ژەنگ هەڵهێنان ببن و ئەو کەسانەشی گیایان دوریوە ئەگەری خراپبوونی هەیە.
ئەوەشی خستەروو کە خێرای با زیاتر لە 10کیلۆمەتر بووە و چەند دارێکی شکاندووەتەوە و لە ناحیەی گەرمکیش دار بەسەر ئۆتۆمبێلێکدا کەوتووە و جامی دواوەی شکاندووە.
بەهادین حەسەن لەبارەی شەپۆلەکەوە ئەوەی خستەروو، سبەینێش شەپۆلەکە بەردەوام دەبێت و ئەگەری باران بارین دەبێت و لەگەڵ ئەوەش، کۆی گشتی بڕی بارانی ئەمساڵ ئەمساڵ هەزار و 375 ملم باران لە قەزای پێنجوێن باریوە.
پێداچوونەوە: توانا نەقی