لۆگۆى وەزارەتى دارایى و ئابورى هەرێم
لە وەزارەتى داراییەوە
لیستى ناوى زیاتر لە 13 هەزار کەمئەندام ئاراستەى بەغدا کرا
964+
وریا فەتاح
وەزارەتى دارایى هەرێم، لیسى ناوى 13 هەزار و 120 خاوەن پێداویستى تایبەتى ئاراستەى وەزارەتى دارایى عێراق کردووە.
بەپێى روونکردنەوەکە، ئەمڕۆ یەکشەممە 9.6.2024، بە واژۆی ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان، لیستی ناوی 13 هەزار و 120 خاوەن پێداویستی تایبەتی نوێ ئاڕاستەی وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ کراوە.
وەک ئەوەى وەزارەتى دارایى ئاشکراى کردووە، ئاراستەکردنى ئەو لیستە بۆ ئەوەیە تا بودجەی پێویستیان بۆ تەرخان بکرێت.
هەرچەندە ماوەى 10 ساڵ زیاترە پڕۆسەى ناونوسکردنى نوێى کەمئەندامانى هەرێمى کوردستان وەستاوە، بەڵام لە 19.11.2023دا، بە بڕیارى وەزیرى کار رەزامەندى وەرگیرا بۆ تۆمارکردنى کەمئەندامى نوێ کە لە قۆناغى یەکەمدا 13 هەزار و 227 کەسى نوێ وەک کەمئەندام ناسێنران.
رۆژى 25.4.2024، لە نووسراوێکى سەرۆکایەتى دیوانى ئەنجومەنى وەزیران کە ئاراستەى وەزارەتى دارایى کراوە، تێیدا هاتووە، لەسەر فەرمانى سەرۆکى ئەنجومەنى وەزیران کارى پێویست ئەنجام بدەن بۆ نووسراوێکى وەزارەتى کارو کاروبارى کۆمەڵایەتى کە تێیدا، کە داتاى تۆمارى نوێى بەشێک لە خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان لە خۆى دەگرێت.
لە نووسراوەکەى دیوانى سەرۆکایەتى ئەنجومەنى وەزیراندا، داوا لە وەزارەتى دارایى کراوە کە تۆمارە نوێیەکە ئاراستەى وەزارەتى دارایى حکومەتى ناوەندى بکات بۆ داواکردنى تەرخانکردنى دارایى و جێبەجێکردنى ناوەڕۆکەکەى.
ئەو 13 هەزار کەمئەندامە، پێشتر لەلایەن وەزارەتى کارو کاروبارى کۆمەڵایەتییەوە پشکنینى پزیشکیان بۆ کراوە و بۆ لیستى کەمئەندامان زیاد کراون، بەڵام تائێستا موچەیان بۆ نەبەستراوە.