دوو گوندى تازه بونیادنراون
له پشده‌ر كۆچی پێچه‌وانه بۆ ئاوه‌دانى گونده‌كان ده‌ستپێكردووه
محه‌مه‌د عه‌لى – پشده‌ر
به پێچه‌وانه‌ى چوڵكردنى ژماره‌یه‌ك گوند له سنورى قه‌زاى پشده‌ر، ناحیه‌ى هێرۆى سه‌ر به هه‌مان قه‌زا، دوو گوندى تازه، له نوێوه بونیاد ده‌نێته‌وه و ئێستا ژیان تێیاندا به‌رده‌وامه.
ماوه‌ى كاركردن بۆ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ى ئه‌م دوو گونده دووساڵى خایاندووه، یه‌كه‌میان گوندی دوپەزە و دووه‌میشیان گوندى خانەڵانه.
ئه‌م دوو گونده تازه‌یه نزیکی سێ کیلۆمەتر لە سه‌نته‌رى ناحیەوە دوورن، لە بەشی ئاماری سلێمانی ناویان وه‌كو دوو گوندى تازه تۆمارکراوە.
موحسین حسێن، بەڕێوەبەری ناحیەی هێرۆ بە 964ـی راگه‌یاند، جگه له بونیاد نانى ئه‌م دوو گونده تازه گوندێكی دیكه‌شیان لە کوێرە گوندەوە کردووه‌ته گوندێکی ئاوەدان و ئه‌ویش ناوى چنارانه.
وتیشی “هاوڵاتیان خوازیاری ئەوە بوون، کە ئەم شوێنەی ئێستا دوو گونده‌كه‌ى تێدا بنیادنراوە، خزمەتگوزاریان بۆ جێبەجێ بکەین بۆ ئەوەی لەوێ نیشتەجێ ببن، ئێمه‌ش ئه‌وه‌مان بۆ كردن”.
ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد هەڵکەوتەی جوگرافی دوو گونده‌كه گونجاوە، بەهۆی بوونی زەوی کشتوکاڵی فراوان و سەرچاوەی ئاوی باش لەو شوێنەداو دوو گونده‌كه‌ش له یه‌كترییه‌وه نزیکن .
بەڕێوەبەری ناحیەکە روونیكرده‌وه، ماوەی دووساڵە لە هەوڵی دروستکردنی ئه‌م دوو گونده داین، خزمەتگوزارییه‌كانى وه‌ك ئاوی خواردنه‌وه و رێگای هاتوچۆیان بۆ دابینكراوه، ده‌شڵێت “ئێستاش لە هەوڵی دابینکردنی کارەبای نشتیمانین بۆیان”.
دووپاتیشیكرده‌وه، هەر شوێنێکی دیكه کە هەڵکەوتەی جوگرافی گونجاو بێت، داواکاری هاوڵاتیانى له‌سه‌ر هه‌بێت، هەنگاوی ئیداری بۆ جێبەجێ دەکەن، لەپێناو ئاوەدانکردنەوەی زیاتری گوند و دێهاتەکانیان.
له سنوورى پشده‌ر له‌دواى راپه‌ڕینه‌وه تاوه‌كو ئێستا زیاتر له 100 گوندى به‌هۆكارى جیاواز چۆڵكراون.
ئاوات سالح، لێپرسراوی ئاماری پشدەر به 964ـى راگه‌یاند، لە قەزای پشدەر بە گوندی سەکەنی و زراعی 306 گوند بونی هەیە، بەڵام تەنیا 196 گوند ئاوەدانە.
وتیشی “ئه‌و گوندانه چۆڵكراون هۆكارى جیاوازیان هه‌یه و چۆڵبوونه‌كه‌شیان له‌ماوه‌ى دواى راپه‌ڕینه تاوه‌كو ئێستا”.
ئه‌وه‌شی ئاشكرا كرد، لە ئێستادا سەرژمێریکردنی گوندەکان دەستی پێکردووە و کۆتایی ئەمساڵ سەرمێرییه‌كه تەواو دەبێت، ئەوکات دەردەکەوێت کە چەند گوندی تر چۆڵ بووە، یان ئاوەدان بووەتەوە.
به‌پێی زانیارییه‌كانى 964، ته‌واوى دانیشتوانى ئەم دوو گوندە خەڵکی ناحیەی هێرۆن، لە ئێستادا 40 خانوی کۆنکرێتی لێ دروستکراوە، تادێت ژمارەی خانوەکان زیاتر دەبن، خه‌ڵكه‌كه‌ش روویان داوه‌ته کشتوکاڵ و ئاژەڵداری.
ناحیەی هێرۆ، 23 کیلۆمەتر لە سەنتەری قەڵادزێوە دوورە، پێشتر له سنووره‌كه‌یدا 26 گوند هه‌بوون به‌م دوو گونده تازیه‌ش، ئێستا 28 گوندی ئاوەدانی بەسەرەوەیە.