بوک و زاوا لە ئەسپ دابەزین
ئاهەنگى بوک گواستنەوەیەک لە شارەزوور بە تامى جاران
964+
بڕوا مەجید – شارەزوور
لە سەردەمێکدا کە ئاهەنگەکانی هاوسەرگیری پڕن لە بریقەوباق، لایت و دیجی و هۆڵی داخراو، گوندی قەڵبەزە لە دەشتی شارەزوور گەڕایەوە بۆ رۆژگارە جوان و سادەکانی جاران. لەوێ نە کێک بڕدرا و نە خواردنەوەی گازی بەسەر میوانەکاندا دابەش کرا، بەڵکو بۆنی مێخەک و رەشماڵ، تێکەڵ بە تامی برنج و گۆشتی کوردەواری بوو.
لەبری دابەزین لە ئۆتۆمبێلی رازاوە، بووک و زاوا بە سوارچاکی و لەسەر پشتی ئەسپ، بەناو نمایشی ئەسپسواریی گەنجانی ناوچەکەدا هاتنە ناو مەیدانی شاییەکەوە و بەشێوازى جاران کاکى زاوا بوکەخانى لە ئەسپ داگرت.
مامۆستا سەباح شەهید فەتاح، کە لە کەسوکاری زاوایە، بە تامەزرۆییەوە باسی ئەم بیرۆکەیە بۆ 964 دەکات و دەڵێت: “ویستمان ئەو ئاهەنگە قەدیمانە زیندوو بکەینەوە، ئامانجمان لەم سادەییە پتەوکردنەوەی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان بوو. بۆیە کوڕێکی کاک فایەق لە عەشیرەتەکەمان، بڕیاریدا بەم شێوازە رەسەنە ماڵێک پێکەوە بنێت و بچێتە ناو ژیانی هاوسەرییەوە.”
میوانەکان لە جیاتی دانیشتن لەهۆڵ لەژێرسێبەری دەوار و رەشماڵەکاندا کۆببوونەوە، قاپە برنج و شلە و گۆشتی گەرمی شاییان نۆش دەکرد.
شاییەکە بەبێ هونەری میللی و گۆرانیی رەسەن کامڵ نەدەبوو، بۆیە دەنگی بەسۆزی هەردوو هونەرمەندى میللى (هێرش کانی حەیرانی و رێبەر مەسۆیی)، جەوی گۆڕەپانەکەیان هێندەی تر گەرم کردبوو، تا درەنگانێک وایان کرد میوانەکان لەناو سروشتدا، دەست بخەنە ناو دەستی یەکتر و بە هەڵپەڕکێی کوردەواری، یادگارییەکانی رابردوو بژێننەوە.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح