بە چوار مەرج
کشتوکاڵی بازیان لە یەکشەممەوە پشتگیری بۆ جوتیارانی دەکات
964+
ئەحمەد مستەفا
بەڕێوەبەرایەتی کشتوکاڵی بازیان، “لە رۆژی یەکشەممەوە 9.6.2024، بە ژمارەیەک مەرج پشتگیری بۆ ئەو جوتیارانە دەکات کە گەنم دەبەن بۆ سایلۆکان”.
بەرێوەبەرایەتییەکە لە بڵاوکراوەیەکدا، ئەمڕۆ چوارشەممە 5.6.2024، کە وێنەیەکی بۆ 964 نێردراوە دەڵێت، “ئاگاداری سەرجەم جوتیارانی سنووری قەزای بازیان دەکەینەوە بۆ ساڵی 2024 ناویان تۆمارکردووە بە مەبەستی گەڕاندنەوەی گەنم بۆ سایلۆ، رۆژی یەکشەممە9.6.2024 دەست دەکەین بە پێدانی پشتگیری”.
کشتوکاڵی بازیان ژمارەیەک مەرجی هەیە بۆ پێدانی پشتگیری و ئاشکرایکردووە، “کە پشتگیریمان بۆ کەسێک کرد دواتر گۆڕینی نییە، هەروەک چەند جوتیارێک دەتوانن بە یەک پشتگیری یەکێکیان سەرپشک (تمویل) بکەن، بە مەرجێک وێنەیەک لە کۆپی کارتی نشتیمانی جوتیارەکانی پێ بێت”.
دەربارەی رێژەی گەنمی وەرگیراوە، “بۆ هەر دۆنمێک بڕی (236 كیلۆگرام) دوو سەد سی و شەش کیلۆگرام دەنوسرێت، وە ئەو پشتگیرییەی بۆیان دەکرێت نابێت لە دەستی بدەن، چونکە دووبارە پێیان نادرێتەوە”.
دوێنێ سێشەممە، وەزیری کشتوکاڵی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، “داوایان لە بەغدا کردووە سەرجەمی بەرهەمی گەنمی جوتیاران وەربگیرێت، بەغدا رازیبوو کە 700 هەزار تۆن گەنم وەربگرێت، ئێمەش بە ناچاری قبوڵمان کرد”.
ئەوە لە کاتێکدایە، بەپێی داتاکانی وەزارەتی کشتوکاڵی حکومەتی هەرێمی کوردستان، “بەرهەمی گەنم ملیۆنێک و 500 هەزار تۆنە”.