قەوزە و خۆڵ و خاشاکی ناو بەنداوەکەی سەروچاوە - وێنە: فەرمانگەی ژینگەی راپەڕین
خۆڵ و خاشاکیشی تێدایە
قەوزە تەنگی بە بەنداوەکەی سەروچاوە هەڵچنیوە
پێشەوا محەمەد
قەوزە بینەقاقای بەنداوەکەی سەروچاوەی گرتووە، بەڕێوەبەری ناحیەی بێتواتە دەڵێت، ئاوەکە پیس نییە بەڵام قەوزەکە مەترسیی دروستکردووە.
بەنداوەکە کەوتووەتە شارۆچکەی سەروچاوەی سەر بە ناحیەی بێتواتە لە ئیدارەی راپەڕین، جگە لە قەوزە خۆڵ و خاشاکێکی زۆریشی تێدایە.
ئیبراهیم مەحمود، بەڕێوەبەری ناحیەی بێتواتە بە 964ـی راگەیاند، بەنداوەکە ساڵانە لەمکاتەدا قەوزەیەکی زۆر دەکات و ئێستا فەرمانگەی ژینگەی راپەڕین و شارەوانیش ئامادەییان دەربڕیوە بۆ پاککردنەوەی.
وتیشی، “قەوزەکە نەبووەتە هۆکاری پیسبوونی ئاوەکە، بەڵام مەترسیی بۆ ئەوانە دروست دەکات دەچنە بەداوەکەوە چونکە لینجە و کەسەکان تیایدا ون دەبن”.
بەنداوی سەروچاوە لە ساڵی 2008 لەلایەن حکومەتی عێراقەوە لەسەر رووبەری 122هەزار و 500 مەتر دووجا دروستکراوە و توانای گلدانەوەی یەک ملیۆن و 500 هەزار مەتر سێجا ئاوی هەیە.
بەڕێوەبەری ناحیەی بێتواتە ئاماژەی بەوەش دا، بەنداوەکە بە خووڕ لەبەری ناڕوات و ئەوەش هۆکاری زۆر دروستکردنی قەوزەیە.
ئەو گلەیی لە هاوڵاتیانیش هەبوو، کە بووتڵی ئاو و بیبسی و خۆڵ و خاشاک فڕێدەدەنە بەنداوەکەوە و پیسی دەکەن و سیمایەکی ناشێرین دروست دەکات.