دەستەی دەسپاکی و بانکی ناوەندی لەسەر ڕێگریکردن لە قاچاخچێتی پارە ڕێککەوتن
چی دەگرێتەوە؟
دەستپاکی و بانکی ناوەندی دژ بە قاچاخچێتی رێککەوتن
ئەحمەد مستەفا
محەمەد عەلی لامی، سەرۆکی دەستەی دەسپاکی فیدراڵی، ئەمڕۆ پێنجشەممە، لەگەڵ نزار ناسر حوسێن، پارێزگاری بانکی ناوەندی، لەسەر رێگریکردن لە قاچاخچیتی پارە رێککەوتن.
دەستەی دەسپاکی رایگەیاندووە، محەمەد عەلی لامی، سەرۆکی دەستەی دەسپاکی فیدراڵی، لە میانی کۆبوونەوەی لەگەڵ نزار ناسر حوسێن، پارێزگاری بانکی ناوەندی، جەختی لە گرنگیی پشتبەستن بە (لێکۆڵینەوە داراییە هاوتەریبەکان) کردەوە، وەک ئامرازێکی کاریگەر بۆ شوێنکەوتنی داهاتی تاوانەکانی گەندەڵی و ئاشکراکردنی ڕێڕەوەکانیان.
راگەیەندراوەکە ئاماژەی بەوەش کردووە کە لامی لەگەڵ پارێزگاری بانکی ناوەندی، باسیان لە ڕێگاکانی بەهێزکردنی هەماهەنگی نێوان هەردوولا کردووە بە ئامانجی پشتیوانیکردن لە هەوڵە نیشتمانییەکان بۆ پاراستنی سیستەمی دارایی، چەسپاندنی پرەنسیپەکانی شەفافیەت و دەسپاکی، و پشتیوانیکردنی یەکتر لە جێبەجێکردنی ئەو ڕێکارانەی کە دەبنە هۆی کەمکردنەوەی تاوانەکانی گەندەڵی، سپیکردنەوەی پارە و پێشێلکارییە داراییەکان.
لامی جەختی کردەوە لەسەر پێویستیی توندکردنی چاودێری و کۆنتڕۆڵکردنی دەروازەکانی قاچاخچیتی پارە؛ بە جۆرێک کە هاوکار بێت لە پاراستنی سامانی گشتی و بەهێزکردنی دەسپاکی لە ڕێگەی یەکخستنی هەوڵەکانی دامەزراوە پەیوەندیدارەکانەوە.”
هەروەها نزار ناسر، پارێزگاری بانکی ناوەندی جەختی لە گرنگیی قووڵکردنەوەی هەماهەنگی لەگەڵ دەزگا چاودێرییەکان کردەوە، بەهۆی ئەو کاریگەرییەی کە هەیانە لە پاراستنی سامانی گشتی، کەمکردنەوەی گەندەڵی و پێشێلکارییە داراییەکان، جگە لە بەهێزکردنی متمانە بە سیستەمی دارایی و چەسپاندنی پێوەرەکانی شەفافیەت و دەسپاکی بەپێی باشترین شێوازە دامەزراوەییە جیهانییەکان