ژنانی رزگاربووی دەستی داعش موچەیان بۆ بڕایەوە

964+

پێشەوا محەمەد – سلێمانی

ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق رەزامەندی داوە بە پێدانی موچەیەکی مانگانەی 500 هەزار دیناری بۆ ژنانی رزگاربووی دەستی داعش. پەرلەمانتارێک دەڵێت: تۆمارێکی نوێ بۆ ئەو ژنانە دەکرێتەوە و چاوپێکەوتنیان لەگەڵ دەکرێت.

مانگی ئاداری ساڵی 2021 ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق یاسای “ژنان و کچانی رزگاربووی دەستی داعش”ـی پەسەند کرد.

964+ دەزانێت، لە یاسای ئاساییشی خۆراک تەمویلی یاساکە کراوە و بڕی 16 ملیار دیناری مانگانە بۆ موچەی ژنانی رزگاربووی دەستی داعش دیاری کراوە.

دارا سێکانیانی، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە 964+ـی راگەیاند: رەزامەندی و تەمویلەکە لە لایەن ئەنجوومەنی وەزیرانەوە پەسەند کراوە، بەڵام مەرجدارکراوە بەوەی دەبێت ئاماری ژنانی رزگاربوو بکرێتەوە و چاوپێکەوتن لەگەڵ هەموویان بکرێت.

لە هێرشی داعش بۆ سەر شنگال لە ساڵی 2014، ئێزیدییەکان زیاتر لە شەش هەزار کەسیان رفێندران و تا ئێستا زیاتر لە سێ هەزار کەسیان گەڕێندراونەتەوە و ئەوانی دیکە بێسەروشوێنن، هەروەها چەندین خێزان ئاوارە بوون.

تا ئێستا لە هەرێمی کوردستان نزیکەی سێ هەزار ژن و کچی ژێر دەستی داعش رزگار کراون. ئەمە بە پێی ئاماری وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی عێراق

دارا سێکانیانی دەشڵێت، سەرەتا ئەو مووچەیە تەنها بۆ ژنان و کچانی ئێزیدییە، جارێ هیچ بڕیارێک بۆ منداڵان نییە مووچەکە بیانگرێتەوە.