سبەى ئەم شەپۆلە کۆتایى دێت

سێشەممە شەپۆلێکى نوێى بارانبارین لەڕێیە

964+

وریا فەتاح

ئەمڕۆ، شەپۆلێکى سەرتاسەرى بارانبارینى هەرێمى کوردستانى گرتەوە و بڕێکى باش باریى و کۆتایى بە گەرماى ئەم هاوینە هێنا، سبەینێ شەپۆلەکە کۆتایى دێت، بەڵام بەپێى پێشبینى ئاراس جەبار کە شارەزاى کەشناسییە، رۆژى سێشەممەى دادێت، تاوەبارانى بەخوڕ دەستپێدەکات.

ئاراس جەبار، شارەزای بواری کەشناسی لە بڵاوکراوەیەکدا رایگەیاند، بەهۆی کاریگەریی ناجێگیریی کەشوهەوا لەسەر ناوچەکە، ئەمشەو لە چەند ناوچەیەکی جیاجیا هەورەبرووسکە و تاوەبارانی بەخوڕ دروست دەبێتەوە.

سەبارەت بە کەشوهەوای سبەی شەممە، ئەو شارەزایە ئاماژەی بەوە کردووە، کاریگەریی شەپۆلەکە بەگشتی لەسەر سنووری پارێزگاکانی هەولێر، دهۆک و کەرکووک نامێنێت و کەشوهەوا جێگیر دەبێتەوە، بەڵام لە سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە، لەگەڵ ئیدارەکانی گەرمیان، ڕاپەڕین و سۆران، هەورەبرووسکەی بەهێز و تاوەبارانی مامناوەند و بەخوڕ ناوە ناوە چالاک دەبێت، و لە کاتەکانی ئێوارەدا لەو ناوچانەش کۆتایی پێدێت.

لەبارەی خێرایی با و پلەکانی گەرماوە، پێشبینی دەکرێت سبەی پلەکانی گەرما جێگیر بن، خێرایی باش لەسەرخۆ بۆ مامناوەند دەبێت کە لە نێوان 10 بۆ 20 کیلۆمەتر دەبێت لە کاتژمێرێکدا.

ئاراس جەبار روونیشی کردووەتەوە، بۆ رۆژانی یەکشەممە و دووشەممە (4 و 5ی تشرینی یەکەم) کەشوهەوا بەتەواوی جێگیر دەبێت و پلەکانی گەرما کەمێک بەرز دەبنەوە. بەڵام پێشبینی دەکرێت لە رۆژی سێشەممەوە (6ی تشرینی یەکەم)، شەپۆلێکی دیکەی ناجێگیریی کەشوهەوا ناوچەکە بگرێتەوە.