پشدەر

لە ماوەى 24 کاتژمێردا پێنج راوچى دەستگیرکراون

وریا فەتاح

لە ماوەى کەمتر لە 24 کاتژمێردا پێنج راوچى ماسى لە سنوورى پشدەر دەستگیرکراون و ژمارەیەک تۆڕ و کەلوپەلى راوکردنیش دەستیان بەسەرداگیراوە.

بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی دارستان و ژینگەى راپەڕین بڵاوى کردەوە، ئەمڕۆ یەکشەممە، لەسەر زێى بچوک و لە سنوورى گوندى ئەلبانە و کەویە، لەلایەن مەفرەزەیەکى پۆلیسى دارستانى پشدەر، دوو راوچى دەستگیرکران و یەک تۆڕى ساچمە و سێ تۆڕى دیکەش دەستیان بەسەردا گیرا.

هەر ئەمڕۆ بنکەى پۆلیسى دارستان و ژینگەى هەڵشۆ، لە سنوورى گوندى بنەوشان لەسەر زێى بچوک، دوو راوچیان دەستگیرکرد و ژمارەیەک ماسى راوکرا و یەک تۆڕى ساچمە دەستى بەسەرداگیرا.

وەک ئەوەى پۆلیسى دارستان و ژینگەى راپەڕین بڵاوى کردووەتەوە، شەوى رابردووش لە سنوورى گوندى برایم ئاوا لەسەر زێى بچوک راوچییەک دەستگیرکراوە.

ئاماژە بەوەش کراوە کە پەڕاوى لێکۆڵینەوە بۆ ئەو کەسانە کراوەتەوە و رێکارى یاساییان بەرامبەر ئەنجام دەدرێت.