بریکارێکی بەشەخۆراکی مانگانە ئارد دابەش دەکات. وێنە: سۆشیاڵ میدیا
کارتى بانکى دەربکەن
بریکارەکانى خۆراک ئاگادار دەکرێنەوە
964+
وریا فەتاح
بەڕێوەبەرایەتی بازرگانی کەلوپەلی خۆراکی هەولێر ئاگاداری سەرجەم بریکارەکانی خۆراک دەکاتەوە کە مامەڵەى دروستکردنى کارتى بانکى بکەن ئەگەرنا بەشەخۆراکى ئەم مانگەیان بۆ ناچێت.
بەڕێوەبەرایەتییەکە داواى کردووە، ئەو بریکارانەی کە تائێستا مامەڵەی دروستکردنی (ڤیزە کارد)ـی بانکی (مصرف الجنوب الاسلامی)یان نەکردوە، بە زووترین کات سەردانی بەڕێوەبەرایەتییەکەیان بکەن.
ئەوەشخراوەتەڕوو، بەبڕیاری بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی عێراقی هەر بریکارێک مامەڵەی دروستکردنی ڤیزە کاردی نەکردبێت بەشە خۆراکی سەبەتەی چوار واتا بەشە خۆراکی ئەم مانگەی بۆ ناچێت .
لەبارەى ئەو بریکارانەى مامەڵەى بانکیان کردووە و تائێستا ڤیزە کاردیان بۆ تەواو نەبووە، سەردانی هۆبەی بانکی جنوب ئیسلامى بکەن لە ناو بەڕێوەبەرایەتییەکەیان و پسوڵەیەکیان پێدەدرێت بۆ ئەوەی بتوانن پارەکە بە ڤیزە کارد تر بدەنە فەرمانبەرانی هۆبەى خەزنە.
بەپێى لێدوانێکى پێشووى، دلێر عەبدولواحید، بەڕێوەبەرى بازرگانى کەلوپەلى خۆراکى هەولێر کە بۆ 964 قسەى کردبوو، ئەو بریکارانەى کارتى بانکیان نییە دەتوانن لە رێگەى کارتى بانکى دیکەوە پارەکە بدەن، چونکە پارەکە بە کاش وەرناگیرێت، بەڵام وادیارە لە دواى بڕیارى بەڕێوەبەرى گشتى بازرکانى عێراقى، دەبێت لە مەودوا هەموو بریکارەکانى خۆران کارتى بانکى دەربکەن.
بریکارەکان بۆ هەر کەسێک بڕى 350 دینار دەدەن بە بەڕێوەبەرایەتى بازرگانى، لە بەرامبەردا 500 دینار لە هەر هاوڵاتییەک وەردەگرن کە بەشەخۆراکى پێدەدەن.