وێرانکارییەکانی شەڕ تازە لە کوردستان دەردەکەون
درۆن هاوێژەکان خانوویەکی دیکەیان لە گەڕەکی کارێزان وێران کرد
ئەحمەد شەمزین – هەولێر
ئاگربەست راگەیەنرا، بەڵام وێرانکارییەکانی شەڕ لە کوردستان تازە دەردەکەون و ئەو خانووەی دوێنێ شەو لە گەڕەکی کارێزانی هەولێر درۆن لێیدا بەتەواوەتی زیانی پێگەیشتووە.
بەهەماهەنگی لەگەڵ فەرمانگەی میدیا و زانیاری هەرێم پەیامنێری 964 چووەتە شوێنەکە و دیمەنەکانی تۆمار کردوون، وەک دەردەکەوێ درۆن لە سەقفی خانووی هاوڵاتییەکی مەدەنی داوە، بن میچەکەی کوون کردووە، شوشەی بە پەنجەرە و دەرگاوە نەهێشتووە و زیانی زۆری بە خانووەکە گەیاندووە، بەڵام خۆشبەختانە هێرشەکە زیانی گیانی نەبووە.
ئەو خانووەی شەو رابردوو کرایە ئامانجی درۆن هاوێژەکان تەنیا دوو خانوو دوورە لەو ماڵەی کە هەفتەی رابردوو هێرشی کرایەسەر و ئەویش زیانی ماددی زۆری بەرکەوت.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری