بریکارێکى خۆراکە لە کاتى دابەشکردنى بەشەخۆراک بەسەر هاوڵاتیاندا _ وێنە: بۆ 964 نێردراوە
دەست بە دابەشکردنى دەکرێت
لە بەشەخۆراکى مانگانە برنج کەمکرایەوە و لەتکە نۆک لابرا
964+
وریا فەتاح
بەشەخۆراکى مانگى چوار گەیشتووەتە کۆگاکان و گۆڕانکاریش لە کەرەستەکان روویداوە، نیو کیلۆ برنج کەمکراوەتەوە و نیو کیلۆ نیسک زیاد کراوە.
دلێر عەبدولواحید، بەڕێوەبەرى بازرگانى کەلوپەلى خۆراکى هەولێر بە 964ـى وت،”لە سبەینێوە دەبێت بریکارەکانى خۆراک سەردانمان بکەن بۆ وەرگرتنى سەبەتەى خۆراکى مانگى چوار، کە دەبێت بە ڤیزە کارت پارە بدەن و بە کاش وەرى ناگرین”.
بریکارەکان بۆ هەر کەسێک بڕى 350 دینار دەدەن بە بەڕێوەبەرایەتى بازرگانى، لە بەرامبەردا 500 دینار لە هەر هاوڵاتییەک وەردەگرن کە بەشەخۆراکى پێدەدەن.
بەشەخۆراکى مانگى چوار پێکهاتووە لەم ئایتمانە:
زەیت، 1 لیتر
شەکر 1 کیلۆ گرام
نیسک 1 کیلۆ گرام
برنج 2.5 کیلۆ گرام
لەبارەى گۆڕانکارییەکان لە بەشەخۆراکى مانگى چوار، دلێر عەبدولواحید ئاشکراى کرد کە برنج بۆ دووەم مانگ نیو کیلۆ گرام کەمکراوەتەوە کە نازانن هۆکار چییە، لەتکە نۆک کە نیو کیلۆ بوو لابراوە و لە جیاتى ئەوە نیسک لە نیو کیلۆوە کراوە بە یەک کیلۆ.
دەشڵێت، لەگەڵ دابەشکردنى سەبەتەى چوارەم، دۆشاوى تەماتەى سەبەتەى پێنجەم دابەشدەکرێت کە بڕەکەى 400 گرامە بۆ یەک کەس.