زیادکردنی ئاشکرا رادەگەیەنێت
ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم 43 ئۆتۆمبێل دەفرۆشێت
964+
ژووری هەواڵ
ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان دەیەوێت 43 ئۆتۆمبێل بفرۆشێت، بۆ ئەو مەبەستە مانگی داهاتوو زیادکردنێکی ئاشكرا رادەگەیەنێت.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 30.5.2024، فەرمانگەی میدیا و زانیاری بڵاویکردەوە، فەرمانگەی پرۆتۆکۆڵی دیوانی سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیران، بەپێی یاسای فرۆشتن و بەکرێدانی موڵک و ماڵی دەوڵەت لە هەرێمی کوردستان، ئاگادارییەکی بۆ زیادکردنێکی ئاشکرا بۆ فرۆشتنی 43 ئۆتۆمبێل بڵاو کردووەتەوە.
جۆری ئۆتۆمبێلەکان ئاشکرا نەکراوە و فەرمانگەی میدیا و زانیاری دەڵێت، لە رێکەوتی 9.6.2024، لە گەراجی فەرمانگەی پرۆتۆکۆڵ زیادکردنی ئاشکرا بۆ فرۆشتنی ئۆتۆمبێلەکان دەکرێت.
راشیگەیاند، هەرکەس نیازی بەشداریکردنی هەیە، سەردانی سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیران/فەرمانگەی یاسایی/بەڕێوەبەرایەتیی گرێبەستەکان و خانووبەرە بکات، بەم مەرجانەی خوارەوە:
1 – دانانی چەکی پەسەندکراو، بە بڕی 360 ملیۆن دینار.
2 – رسوومات و خەرجییەکانی ئەم ئاگادارییە دەکەوێتە سەر ئەستۆی براوەی زیادکردنەکە.
3 – فرۆشتنەکان بە نەختینەیی دەبێت و دیناری عێراقی وەردەگیرێت.
4 – کڕیار پێویستە لە پێنج رۆژدا ئۆتۆمبێلەکان بگوازێتەوە.
5 – لە دوای ئەم ئاگادارییە، دەتوانن لە هەمان جێگەی ئاماژەپێکراو ئۆتۆمبێلەکان ببینن.
6 – وەرگرتنی رێژەی 2٪ لە کۆی فرۆشتنەکە زیاد دەبێت.