بەرگی چاپێکی کوردیی رۆمانەکە - وێنە: دەزگای رۆشنبیریی رەهەند
وەرگێڕەکەی قسە دەکات
چاپی شەشەمی رۆمانی “جەمشید خانی مامم” لە ئێران بڵاوکرایەوە
964+
پێشەوا محەمەد
چاپی شەشەمی رۆمانی “جەمشید خانی مامم، کە هەمیشە با لەگەڵ خۆیدا دەیبرد”ـی رۆماننووسی ناوداری کورد بەختیار عەلی، لە وڵاتی ئێران لە لایەن دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی نیماژەوە خرایە بازاڕەوە.
هەر چاپێکی رۆمانەکە لە نێوان 500 بۆ هەزار و 100 کۆپیدایە.
مەریوان هەڵەبجەیی، وەرگێڕی رێگەپێدراوی بەرهەمەکانی بەختیار عەلی بۆ سەر زمانی فارسی بە 964ـی راگەیاند، پڕۆسەی چاپکردن لە ئێران ئاڵۆزە و چاپکردنەوەی دواتری بەرهەمەکانیش شەڕێکی بەردەوامی دەوێت لەگەڵ دەزگاکاندا.
وتیشی، “لە ئێران رۆژانە کتێبێکی زۆر چاپ دەکرێن، دەزگاکانیش ئاسان چاپی دیکەی کتێبەکان ناکەن و جاری وا هەیە بەرهەمەکە ساڵێکە لە کتێبفرۆشییەکان نەماوە و چاپ ناکرێتەوە، ئەوەش وادەکات بەرهەمەکان ون ببن بەهۆی زۆریی چاپی کتێبەوە”.
مەریوان هەڵەبجەیی تا ئێستا 10 رۆمانی بەختیار عەلی وەرگێڕاوەتە سەر زمانی فارسی و “پێشوازییەکی زۆر باش و بەرچاویان لێدەکرێت”.
ئەو وەرگێڕە روونیشیکردەوە، ئەو دەزگایانەی چاپی یەکەم دەکەن دواتر بۆ چاپەکانی دیکە خاو دەبنەوە و بە ئاسانیش مۆڵەتی چاپکردنی نادەنەوە وەرگێڕ تا لە دەزگایەکی دیکە چاپی بکاتەوە.
رۆمانی “جەمشید خانی مامم، کە هەمیشە با لەگەڵ خۆیدا دەیبرد” باس لە کارەکتەرێک دەکات بەناوی جەمشیدەوە، کە با دەیبات. جەمشید خان کەسێکە کە وەکو یارییەک وایە بەدەست رووداوەکانەوە، وەکو کەسێک وایە ھەموو رووداو و کارەساتە مێژوویی یا ئەو شتە رۆژانە سادانەی کە لە دەوروبەری روودەدات بە شێوەیەک لە شێوەکان لەگەڵ خۆیاندا دەیبەن و دەیفڕێنن. جەمشید خان پاڵەوانێکە، کەسێکە کە زیاتر لەوەی کە ئیرادەی خۆی دەور ببینێ لە چارەنووسیدا، شتەکانی چواردەوری دەور دەبینن لە چارەنووسیدا، ھئزەکانی تر دەور دەبینن لە دیاریکرنی چارەنووسیدا و ژیانی خۆی ھێندەی بەدەست ئەو ھێزانەی دیکەوەیە بەدەست خۆیەوە نییە.