"دڵنیام ئەوە شتێکە بۆ مێژوو دەمێنێتەوە"

بەختیار عەلی سەبارەت بە وەرگرتنی خەڵاتی هیڵدا دۆمین بۆ 964 دەدوێت

پێشەوا محەمەد

لیژنەی دادوەرانی خەڵاتی “هیڵدا دۆمین”ـی ئەڵمانی، بەختیار عەلی، نووسەری دیاری کوردیان وەک براوەی ساڵی 2023ـی خەڵاتەکە راگەیاند.

هیڵدا دۆمین، دایکی پەخشانە شیعری ئەڵمانی و یەکێک لە هەرە گەورەترین شاعیرەکانی ئەڵمانییە لە سەدەی بیستدا، خۆشی “هیڵدا دۆمین” یەکەمین براوەی خەڵاتەکەش بووە لە ساڵی 1992ـدا.

بەختیار عەلی، نووسەر و رۆمانووس و وەرگری خەڵاتەکە لە بارەی وەرگرتنی خەڵاتەکەوە بە 964ـی راگەیاند، خەڵاتی هیڵدا دۆمین خەڵاتێکە زۆر گرێدراوە بە بابەتی تاراوگە و مەنفا و هەڵهاتنەوە، ئەگەرچی زۆربەی ئەو نووسەرانەی وەریانگرتووە ئەڵمانی زمانن و بە ئەڵمانی دەنووسن، بەڵام بە جۆرێک لە جۆرەکان ئەدەبیاتیان یان ریشەیان دەگەڕێتەوە بۆ جێگای دیکە، “بۆ نموونە هیڵدا دۆمین خۆی ئەزموونێکی دوورودرێژی تاراوگەی هەیە، ئەم ئەزموونە قووڵ لە شیعریدا رەنگیداوەتەوە”.

دەشڵێت، “ئەمە یەکەم جارە خەڵاتەکە ئاوڕ لە زمانەکانی دیکە دەداتەوە، جێگای بەختەوەری و شانازییە بۆ من چ لە خەڵاتی نیلی زاگس و چ لە خەڵاتی هێڵدا دۆمیندا، یەکەمین نووسەرێک بووم بە زمانە نائەوروپییەکان بنووسێت و ئەو خەڵاتانە وەربگرێت، ئەوە وەک جۆرێک لە شکاندنی هەژموونی زمانە ئەوروپییەکان دەبینم بەسەر خەڵاتەکاندا، دڵنیام ئەوە شتێکە بۆ مێژوو دەمێنێتەوە، شکاندنی هەژموونی زمانە ئەوروپییەکان بەسەر خەڵاتە جیهانییەکاندا، هێزێکی موعجیزەئاسای دەوێت”.

بەختیار عەلی ساڵی 2017 خەڵاتی نیلی زاگسی هەر لە وڵاتی ئەڵمانیا پێبەخشراوە.

“راستە نووسەرانێکی بە رەچەڵەک عەرەب یان تورک خەڵاتی زۆریان وەرگرتووە، بەڵام تێکڕا بە زمانە ئەوروپییەکان نووسیویانە، هیچ کەسیان تێدا نییە بە زمانی خۆیان نووسیبێتیان، وەرگرتنی ئەم جۆرە خەڵاتانە کارێکی سەختە”، بەختیار عەلی وادەڵێت.

نووسەر لیژنەکان بە خەڵکی ئێجگار توندگیر و پڕۆفیشناڵ ناودەبات و دەشڵێت، “ململانێ بۆ بەدەستهێنانی خەڵاتەکەش لە نێوان سەدان دەزگای چاپی گەورە و سەدان نووسەردایە، کە لە هەموو لایەکی جیهانەوە دێن و کتێبیان وەردەگێڕدرێت، یان خۆیان بە زمانە ئەوروپییەکان دەنووسن”.

هەریەکە لە رۆمانەکانی؛ شاری مۆسیقارە سپییەکان، دواهەمین هەناری دونیا، جەمشید خانی مامم کە هەمیشە با لەگەڵ خۆیدا دەیبرد، ئێوارەی پەروانە بۆ زمانی ئەڵمانی وەرگێڕدراون لەگەڵ کتێبی دوا خەندەکانی دیکتاتۆر، کە کتێبێکی فیکری نووسەرە.

بەختیار عەلی زیاتر وتیشی، “ئەم خەڵاتانە وەک خەڵاتی لۆکاڵ نین، کە کێبڕکێ لە نێوان نووسەرانی شارێک یان چەند شارێکدایە، کێبڕکێیەکە لەسەر ئاستی ئەدەبیاتی هەموو دنیادایە و مرۆڤ لەگەڵ دەیان نووسەری ناسراوی جیهانیدا لە کێبڕکێدا دەبێت”.

بەختیار عەلی خۆی دەڵێت وەرگرتنی خەڵاتەکە بۆ ئەو زۆر چاوەڕواننەکراو بووە، چونکە ئەو هەر نەیزانیوە و ئاگاداریش نەبووە کە پاڵێوراوە.

لیژنەی دادوەرانی خەڵاتی هیڵدا دۆمین لە راگەیەندراوی پێبەخشینی خەڵاتەکە، بۆ بەختیار عەلی نووسیویانە، “نووسین و کارە ئەدەبییەکانی بەختیار عەلی لە جیهانێکی پڕ لە قەیران و جەنگدا ئاوڕیان لە مرۆڤایەتی داوەتەوە، رۆمانەکانی چیرۆکگەلی گەورەی هاوڕێیەتی و خیانەت و ئازارن، چیرۆکی گەڕان بە دوای راستی و ئاشتبوونەوەن بەبێ تۆڵەسەندنەوە، ئەدەبیاتێکی جیهانیی پڕ لە سیحری هەیە بەبێ چاوپۆشین لە قێزەونییەکانی جەنگ”.

“خەڵاتەکە بە موڵکی ئەدەبیاتی بێناز و بێخزمەتی کورد دەزانم، ئەدەبیاتێک زوڵم و ستەم نەیهێشتووە بناسرێت، شکاندنی ئەو دیوارە کە بە دەوری زمان و ئەدەبی کوردیدا هەڵچنراوە ئاسان نییە، من لەو ساڵانەدا چیم بۆ کرابێت و لە دەست و توانامدا بووبێت کردوومە، خۆشبەختم ببینم ئەدەبی کوردی سنوورەکان دەبڕێت و دیوارەکان دەشکێنێت. بەڵام ئەوەیە دوای هەموو رێزلێنانێکی وا بە بەها ئەرکەکان سەختتر دەبن”، ئەوەش قسەی بەختیار عەلییە.

وتیشی، “گرنگ دواجار جێکردنەوەی ئەدەبیاتی کوردییە لە ریزی ئەدەبیاتە زیندووەکاندا، ئەوەی لای من گرنگە ئەوەیە، نەوەی داهاتوو لە نووسەرانی کورد لە سفرەوە دەستپێنەکەن و پێشزەمینەیەک هەبێت لەسەری رابوەستن”.

وا بڕیارە مەراسیمی دابەشکردنی خەڵاتەکە لە بەهاری ساڵی 2024ـدا بەڕێوەبچێت.