لە 1000 رکابەری بردەوە

میدیاکارێکی 964 خەڵاتێکی نێودەوڵەتی بردەوە

964+

ژووری هەواڵ

لە دوبەی یەکێک لە بەناوبانگتری خەڵاتەکانی بواری رۆژنامەگەری بەخشرا بە عەلی سەرای ئەندامی تیمی دامەزرێنەری 964ـی عەرەبی.

عەلی سەرای میدیاکارێکی دیاری عێراقییەو ساڵانێکی زۆرە سەروکاری لەگەڵ میدیا هەرە بەناوبانگەکانی عێراقدا هەیەو لە رۆژنامە بەناوبانگەکانی حەیات و شەرق ئەوسەت دەنوسێت، لەو تیمە بەناوبانگە بوو کە بەشی عەرەبی 964یان دامەزراندو ماوەیەک بەڕێوەبەری ژووری هەواڵ بوو.

خەڵاتەکەی عەلی سەرای لەسەر بابەتێک بوو بەناوی ”عێراق پاش تۆفانی ئەقسا.. پلانی خێرا داڕمان”، ئەم بابەتە وەک باشترین بابەتی رۆژنامەوانی ساڵ هەڵبژێردرا لە رێورەسمی ”خەڵاتەکانی میدیای عەرەبی”.

زیاتر 4000 رکابەر هەبوون بۆ خەڵاتەکانی ئەمساڵ کە کۆڕبەندی میدیای عەرەبی ساڵانە پێشکەشیان دەکات، ئەوەی عەلی لەبوارێکدا بوو زیاتر لە هەزار رکابەری هەبوو، بەڵام لە هەموانی بردەوە.

عەلی سەرای لەبارەی وەرگرتنی خەڵاتەکەوە بە 964ی وت ”بەلای منەوە ئەم خەڵاتە رێزلێنان بوو بۆ میدیای پیشەیی لە عێراقدا، رێزلێنان بوو بۆ هەموو ئەو مامۆستاو هاوکارانەی ساڵانێکە لە ژووری هەواڵ کاریان لەگەڵ دەکەم”.

لەبەشی عەرەبی تۆڕی 964 چەند میدیاکارێکی زۆر شارەزاو لێوەشاوە هەن کە لەسەر مەشقەکانی میدیای عێراقین و رۆڵی گەورەیان بینوە لە رەنگڕێژکردنی میدیای نوێ لە عێراقدا، کاتێکیش ئەو تیمە لێوەشاوەیە کەوتنە دامەزراندن و بەڕێوەبردنی بەشە عەرەبییەکەی 964 چەند هەفتەیەکی کەمی ویست تا هەموو تەماشاوانانی میدیا عێراقی تێبگەیەنن ئەم کارەی دەستیان داوەتێ نوێیەو زۆر جیاوازە.